سه‌در هیوای ئێران و ئه‌مریكای له‌باربرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/05/2018‌ :: 2036‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 
ڕۆژنامه‌ی ووێڵد ستریت جێرناڵی ئه‌مریكی، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 14ی ئایار، بڵاویكردووه‌تەوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك كێبڕكێیه‌ك ده‌بینرا له‌ نێوان واشنتن و تاران بۆ زیادكردنی هه‌ژموونیان له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لێیانه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی سه‌در ئه‌و هیوایه‌ی هه‌ردوو لای له‌باربردووه‌. 
 

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكیدا كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت "سه‌ركه‌وتنی لیستی سه‌در له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، واشنتن و تاران ناچار ده‌كات رووبه‌ڕووی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ ببنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ردووكیان گرتووه‌ ڕۆڵی سه‌ركردایه‌تی له‌ عێراق ببینێت له‌ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق".

ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌شڵێت "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك كێبڕكێیه‌ك ده‌بینرا له‌ نێوان واشنتن و تاران بۆ زیادكردنی هه‌ژموونیان له‌ ڕێگه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لێیانه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی سه‌در كه‌ له‌ هیچانه‌وه‌ نزیك نییه‌، ئه‌و هیوایه‌ی هه‌ردوو لای له‌باربردووه‌". 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ موقته‌دا سه‌ر وه‌ك سیاسییه‌ك په‌یامی قه‌موی هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌ژموونی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و ئێران ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ دوو هاوپه‌یمانی گه‌وره‌ی عێراق داده‌نرێت. 

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌در دوژمنی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پێی په‌سه‌ندن زۆركات له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا دێته‌وه‌ وه‌ك له‌ ئێران، چونكه‌ سه‌در هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سونه‌كانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا كردووه‌ و پشتیوانی عه‌بادی كردووه‌ له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش كه‌ واشنتن پشتیوانی ده‌كرد. 

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری عه‌لا موسته‌فا كه‌ شڕۆڤه‌كارێكی سیاسییه‌ و مامۆستای زانكۆی به‌غدایه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و به‌ره‌ی سیاسی عێراق كه‌ نزیكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا شكستیهێنا، به‌ره‌یه‌كی نوێ سه‌ركه‌وت". 

جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی سه‌در له‌ 10 پارێزگا له‌ كۆی 18 پارێزگاكه‌ی عێراق واده‌كات ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بێت سه‌در كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق دروستبكات. 
ده‌شڵێت " پێشبینی نه‌كراوه‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در خودی خۆی ببێـته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی روحی بمێنێته‌وه‌ و خۆی به‌ وه‌رگرتنی پۆست پیس نه‌كات". 

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ پێده‌چێت سه‌در له‌گه‌ڵ یه‌ك لیستی دیكه‌ هاوپه‌یمانی پێكبهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن دروستبكات و سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق دیاریبكات. 
رونیشكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان پێده‌چێت سه‌در له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی یاخود فه‌تح یه‌كبگرێت كه‌ به‌ گروپێكی شیعه‌ی خاوه‌ن په‌یوه‌ندی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئێران داده‌نرێت. 

له‌ كۆتاییدا جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌و دووبژارده‌یه‌دا، موقته‌دا سه‌در واده‌رده‌كه‌وێـت نزیكتری بێت له‌ عه‌بادی، چونكه‌ ساڵی پار سه‌در له‌ چاوپێکه‌وتنێكیدا رایگه‌یاندبوو كه‌ پشتیوانی ویلایه‌تی دووه‌می عه‌بادی ده‌كات چونكه‌ ناوبراو توانیویه‌تی به‌ سه‌ركه‌واووی عێراق له‌ داعش پاكبكاته‌وه‌ و به‌بێ رژاندنی خوێن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكات و پارێزگاری له‌ یه‌كپارچه‌یی عێراق بكات. 

وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure