شه‌ش حزبی كوردستان داواى دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2018‌ :: 411‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ شه‌ش حزبی ناڕازی له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌ڵاحه‌دین به‌هاددین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ناوی شه‌ش حزبی به‌شدار له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ ناڕازین له‌هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كانی، به‌یاننامه‌یه‌كی خوێنده‌وه‌.

حزبه‌كانی ناڕازی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێكهاتبوون له‌ (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوپه‌یمانی بۆ دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی، یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، حزبی شیوعی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی).

ئه‌مینداری یه‌كگرتوو رایگه‌یاند، به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی 12ی 5 روبه‌ڕووی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاری به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو بووه‌ته‌وه‌ه، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ كۆبووینه‌وه‌ و گه‌یشتینه‌ ئه‌م بڕیارانه‌.

یه‌كه‌م: ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان به‌گشتی و پێمانوايه‌ ده‌نگه‌كانمان دزراون.
دووه‌م: داواى دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین.
سێیه‌م: ئامانجی راستی لایه‌نه‌كان بریتییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌نگی راستی حزبه‌كان.
چواره‌م: بۆ ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌موو رێگایاساییه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر.
پێنجه‌م: پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌م شه‌ش لایه‌نه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌.
شه‌شه‌م: داوا له‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین به‌خێرایی بێنه‌ ده‌نگ ئه‌م داواكارییه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure