له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا 45 پێشێلكارى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2018‌ :: 363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان (21) سكاڵا لە سەنتەری میترۆ تۆماركراوە كە 45 پێشێلكاریە بەرامبەر 31 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن، توندوتیژی جەستەی و تەقەكردن لە بارەگا و رێگری تێدایە.


پێشێلكاریەكان بەرامبەر بە هەریەك لە كەناڵەكانی (ئێن ئاڕتی، كوردستان تیڤی، خەندان، رۆژنیوز، تەلەفزیۆنی سلێمانی، كوردستان 24، سایتی سبەی) دیارترینیان بوون.

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى سه‌نته‌رى میترۆ، لەكاتی چاودێریكردنی پڕۆسەكە لە هەندێك بنكەی دەنگدان رێگری كراوە رۆژنامەنوسان روماڵبكەن، هەرچەندە ئەو بنكانە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەستنیشانكرابوون بۆ رۆژنامەنوسان تا روماڵی تێدابكرێت.

لەكاتێكدا هەزارەها چاوی میدیا و چاودێران لەسەر هەرێمی كوردستان بوو، لەپاش چەند كاتژمێرێك لە تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی، هێزێكی چەكدار هێرشیان برد بۆ سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، لەو هێرشە چەكداریەدا ئۆفیسی سایتی سبەی زەرەری ماددی لێدەكەوێتەوە.

بەداخەوە لە هەمان روداودا، ( میكۆیان سلێمان) كارمەند لە تەلەفزیۆنی خەندان لە كاتی كاركردندا بە جەڵدەی دڵ گیانلەدەستدەدات.

میترۆ ئاماژه‌ده‌دات، بەپێی بەیاننامەیەكی دەزگای سەتەلایتی كوردستان تیڤی شەوی 11/12 ی ئایار، لەلایەن چەند ماتۆرسكیلێكەوە تەقە لە نوسینگەی سلێمانی كەناڵی سەتەلایتی كوردستان تیڤی كراوە.

هەروەها لەكاتی‌ روماڵی‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ پرۆسەی‌ دەنگدانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لە سلێمانی‌، لەلایەن هێزێكی‌ چالاكییە مەدەنیەكانەوە هێرش دەكرێتەسەر تیمی‌ رۆژنامەوانی‌ كەناڵی‌ كوردستان تیڤی‌.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیه‌نێت رواڵەتەكانی توندوتیژی لەناو پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا دوبارەبونەوەی هەمان رەفتاری نادیموكراتی و ناشارستانی ئەو هێزانەن كە لە ساڵانی رابردوو هەوڵی بەرتەسكردنەی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەبڕین دەدەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure