روسیا؛ ئاماده‌ین سه‌قامگیریی بازاڕه‌كانى نه‌وت بپارێزین

هەواڵ / ئابوری :: 15/05/2018‌ :: 233‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زیرى وزه‌ى روسیا ئاشكرایكرد، وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانى دیکەی به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت له‌ رێكخراوى ئۆپێك و  سەربەخۆکان، سه‌قامگیرى بازاڕه‌كانى نه‌وت بپارێزن و چه‌ندین ئامرازیشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و كاره‌.

ئه‌ڵیكسه‌نده‌ر نۆڤاك، وه‌زیرى وزه‌ى روسیا، راگه‌یاند "وڵاتانى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وتى له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى (ئۆپێك) ئاماده‌ن سه‌قامگیریی بازاڕه‌كانى نه‌وت بپارێزن.

نۆڤاك، ده‌رباره‌ى كاریگه‌ریى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران رایگه‌یاند "له‌ په‌راوێزى چالاكییه‌كانى كۆڕبه‌ندى ئابوورى  روسیا، كه‌ بڕیاره‌ 24ى ئه‌م مانگه‌ له‌ (سانت سترسبۆرگ) به‌ڕێوه‌بچێت، له‌گه‌ڵ خالید فالح، وه‌زیرى نه‌وتى سعودیه‌ كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى ده‌رئه‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران، له‌سه‌ر بازاره‌كانى نه‌وت".

دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا، جۆرێك له‌ دوودڵى باڵى كێشاوه‌ به‌سه‌ر بازاڕه‌كانى نه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌گه‌رى سه‌پاندى سزاى نوێ به‌سه‌ر ئێران و كه‌مبوونه‌وه‌ى هه‌نارده‌ نه‌وته‌كه‌ى، كه‌ ئێستا رۆژانه‌ 2.5 ملیۆن به‌رمیل ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌.  

له‌ رۆژى 8ى ئایاره‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى دۆناڵد تره‌مپ، بڕیاریدا به‌كشانه‌وه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران واژۆكرابوو، نرخه‌كانى نه‌وت به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و نه‌وتى خاوى (برێنت) دوو دۆلار به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و به‌رمیلێك به‌ زیاتر له‌ (77) دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure