به‌رپرسی كۆمسیۆنی هه‌ولێر له‌سه‌ر بردنی سندوقه‌كان رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2018‌ :: 1115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
به‌رپرسی ئۆفیسی هه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی رایدەگەینێت، كۆمسیۆن چه‌ند كۆگایەكی به‌كرێگرتووه‌ و به‌شێكی ئه‌و كۆگایانه‌ش كەلوپەلی خه‌ڵكی تری تێدایە، بۆیە رەنگە كەسی تریش لەو شوێنە بینرابێت، ئەوەش مانای ئه‌وه‌ی نییه‌ چووبن بۆ دەستكاریكردنی سندوقەكان.


ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئایاری 2018، عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر كۆسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە (بڕیاری دوورخستنەوی دراوە) له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە هیچ سندوقێكی دەنگدەران دەستكاری نەكراوە".

وتیشی "كۆمسیۆن چه‌ند كۆگایەكی له‌هه‌ولێر به‌ كرێ گرتووه‌و كه‌ره‌سته‌كان و سندوقه‌كانی تێدا داده‌نێت، به‌شێكی ئه‌و كۆگایانه‌ش كەلوپەلی خه‌ڵكی تری تێدایە، بۆیە رەنگە كەسی تریش لەو شوێنە بینرابێت، ئەوەش مانای ئه‌وه‌ی نییه‌ چووبن بۆ دەستكاریكردنی سندوقەكان".

باسی لەوەشكرد، هیچ سكاڵایەك لەسەر پاكی دەنگدان لەهەولێر نییەو ئەوەی هەیە لەسەر رێكاریتر كراوەو ژمارەیەكی زۆر سكاڵا تۆماركراوەو نێردراون بۆ بەغدا.

سەبارەت بە گەیشتنی ئەنجامی وێستگەكان بۆ بەغدا وتی "لە كۆی سێ هەزار وێستگە، نزیكەی سەد وێستگە تاوەكو ئێستا ئەنجامەكەی نەگەیشتووه‌تە بەغدا و لەهەوڵداین بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەن". 

لە وەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بە بەرواری جیا لەسەر راپۆرتی دەنگدانی وێستگەكان عەلی قادر وتی "پێشتر تێست كراوە، رەنگە ئەمە بێت، بەڵام هەر وێستگەیەك بەرواری 12ی ئایاری لەسەر نەبێت ئەژمار ناكرێت".

وتیشی "پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەركەوتووی تەواو بووەو هەموو ئەو قسانەی باس لە هاك كردن دەكرێن دوورن لە راستی و ئەگەر هاك كرابێت چۆن ئێستا ئەو دەنگانە دەدەنە بەغدا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure