سائیرون له‌ 10 پارێزگادا یه‌كه‌مه‌
ململانێ و رێككه‌وتن حكومه‌تى داهاتووى به‌غدا دیاریده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/05/2018‌ :: 480‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاندووە، له‌كۆی 18 پارێزگای عێراق، له‌ 10 پارێزگا هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ موقته‌دا سه‌در پاڵپشتی ده‌كات پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوە، دوای ئه‌ویش هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری كه‌ زۆرینه‌ی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵە به‌ پله‌ی دووه‌م دێت، حه‌یده‌ر عه‌بادی و لیسته‌كه‌شی به‌پله‌ی سێیه‌م دێت، له‌كاتێكدا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی سه‌در سه‌ركه‌وتنێكی تێبینیكراوی له‌ به‌غدای پایته‌خت تۆماركرد.

به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، عه‌بادی له‌ شه‌ش پارێزگا پله‌ی سێیه‌می هێناوه‌، به‌ڵام له‌پارێزگای به‌غدا پله‌ی پێنجه‌می به‌ده‌ستهێنا، ئه‌نجامه‌كانیش پاشه‌كشه‌یه‌كی دیار و روونی نوری ماليكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی نیشاندا، كه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، ‌به‌ ركابه‌رێكی ترسناكی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ناسێنرا.

رۆیته‌رز ده‌شڵێت، له‌وانه‌یە ریزبه‌ندی ئه‌م فراكسیۆنانه‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت، چونكه‌ هێشتا ئه‌نجامی كۆتایی رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، هه‌شت پارێزگا ماوه‌ كه‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه‌، ژماره‌ی كورسییه‌كانیشی زۆره‌.

لەراپۆرتەكەدا هاتووە، سه‌ركه‌وتنی موقته‌دا سه‌در سوپرازێك ده‌بێت، چونكه‌ خاوه‌نی هه‌ژمونێكی زۆره‌ له‌ناو گه‌نجان و هه‌ژاران و ‌بەراورد بەم كه‌سایه‌تییه‌كانی تری شیعه‌ ئه‌و هه‌ژمون و كاریگه‌رییه‌یان نییه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن وه‌ك عامری.

ئه‌و ئاژانسه‌ ئه‌مریكییه‌ رونیشیده‌كاته‌وه‌، به‌چاوپۆشین له‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته‌كانی بڕیاری دۆنالد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت، له‌ كشانه‌وه‌ی له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، پاش ئەوەی مه‌ترسی عێراقییه‌كانی ورووژاند، له‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران.

عه‌بادی كه‌ ئه‌ندازیاره‌ له‌ بریتانیا خوێندوویه‌تی و په‌روه‌رده‌ بووه‌، چوار ساڵ پێش ئێستا دوای ئه‌وه‌ی داعش سێیه‌كی خاكی عێراقی داگیركرد، ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، عه‌بادی پاڵپشی سه‌ربازی ئه‌مریكی بۆ سوپای عێراق ده‌ستخست، له‌پێناو شكستپێهێنانی داعش، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستگرتنی ئێران به‌سەر گروپه‌ شیعییه‌كانی حه‌شددا كه‌ شه‌ڕی داعشیان كرد.

رۆیته‌رز ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی عێراقی عه‌بادی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ڵبژارد، ئه‌وا له‌ژێر فشاردا دەبێت، بۆ پاراستنی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌، بەهۆی كاریگەریی دۆخی ئاڵۆزی نێوان واشنتۆن و تاران كە رێككه‌وتنە ئه‌تۆمییەكە هۆكارە.

هه‌ندێك له‌ عێراقییه‌كان وایده‌بینن، عه‌بادی هه‌ژاره‌ له‌ راكێشانی شیعه‌كاندا و كه‌متوانایه‌، هه‌روه‌ك عه‌بادی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به‌هێزی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌بووه‌، كاتێك ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرت، به‌ڵام هه‌ڵویستی سه‌رۆك وه‌زیران، دوای شكستی داعش و هه‌ڵمه‌تی دژی گه‌نده‌ڵی باشتر بوو.

ده‌شڵێت، رێكخراوی به‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕا له‌ شه‌ڕی داعش، به‌ڵام هه‌ندێك له‌عێراقییه‌كان هه‌ست به‌بێزاری ده‌كه‌ن، له‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ی له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه‌تی، كه‌ عامری زیاتر له‌ بیست ساڵ ته‌مه‌نی له‌ ئێران لەناو ئۆپۆزسیۆنی نەیاری رژێمی سه‌دام به‌سه‌ربرد.
هەر لە درێژەی راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، كە گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ و ئیئتلافی ناو په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی 90 رۆژ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ده‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure