عه‌لى باپیر له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2018‌ :: 395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌شاره‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌چه‌ندین شێوازى جۆراوجۆر ساخته‌رى له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا كراوه‌ و ده‌شڵێت "بێده‌نگ نابین".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ى ئایارى 2018، عه‌لى باپیر، ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان راگه‌یەنراوێكى له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنەکانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ شاره‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یەنراوه‌كه‌دا، عه‌لى باپیر ده‌ڵێت "به‌داخ‌ و حه‌سره‌تێكی زۆره‌وه‌، جارێكی دیكه‌ش ده‌ستی ساخته‌كاریی‌ و ته‌زویر و كوده‌تا كردن به‌سه‌ر ئیراده‌ و ده‌نگی ئازادانه‌ی ئێوه‌دا، له‌قۆڵی بڕیاربه‌ده‌ست‌ و خاوه‌ن هێزه‌كان‌ و وابه‌سته‌ و دابه‌سته‌كانیانه‌وه‌، هاته‌ده‌ر و به‌پێی ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنتی سه‌لمێنه‌ر و نكووڵیی لێنه‌كراو، به‌چه‌ندان شێوازی جۆراو جۆر، فێڵ‌ و ساخته‌كارییه‌كی بێڕه‌زا، به‌قازانجی خۆیان‌ و به‌زیانی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌، كۆتایی به‌سته‌م‌ و گه‌نده‌ڵیی‌ و قۆرخكاریی‌ و خۆسه‌پاندن بهێنرێ‌، ئه‌نجامدراوه‌".

ئه‌میرى كۆمه‌ڵ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا له‌ هه‌رچوار پارێزگای هه‌رێم، هه‌ولێر، سلێمانی‌، دهۆك‌، هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، ساخته‌كارى ئه‌نجامدراو، ده‌شڵێت "هه‌موولایه‌كیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك چۆن له‌ڕابردوودا بێده‌نگ نه‌بووین، له‌مه‌ش بێده‌نگ نابین‌ و هه‌رچی پێمان بكرێ‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، بۆ ڕێگرتن له‌سته‌م‌ و ساخته‌كاریی‌ و به‌رگرییكردن له‌ ئیراده‌ و ده‌نگی ئازادانه‌ی خه‌ڵك‌ و جه‌ماوه‌ر".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure