یەكێتی رەتیدەكاتەوە لە كەركوك هیچ رێككەوتنێكی كردبێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/05/2018‌ :: 382‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
یەكێتی رەتیدەكاتەوە لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی رێككەوتبێت لەسەر دوبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی کەرکوک و دەڵێت "تەنیا پابەندین بەبڕیارەكانی كۆمسیۆنەوە و هەموو جۆرە رێككەوتنێك رەتدەكەینەوە".


محەمەد عوسمان, پەرلەمانتاری یەكێتی لەبەغدا بەدواڕۆژی وت "وەكو یەكێتی لە كەركوك لەگەڵ نوێنەری هیچ پێكهاتە و لایەنێكی حزبی كۆنەبوینەتەوە و هەموو ئەو هەواڵ و زانیاریانەی باس لەرێككەوتن دەكەن بۆ دابەشكردنی كورسییەكانی پارێزگاكە دورن لەراستییەوە و چەواشەكردنی خەڵكە".

وتیشی "پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی دەستی رەتدەكەینەوە، چونكە پڕۆسەكە یان دەبێت لەتەواوی عێراق ئەنجامبدرێت یاخود رێگە نادەین تەنیا لە ناوچە و شارێك بكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و عەرەب و توركمانیش متمانەیان پێبەخشیوە چونكە ئەو حزبە نەیویستووە خوێن بڕێژرێت و شارەكە خاپوربێت و شەڕی براكوژی رووبدات، چوار ساڵیش دژی داعش پێكهاتەكانی پاراستووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، نوێنەرانی عەرەب و توركمان لەفەرماندەیی دژەتیرۆر لەگەڵ بەرپرسانی كۆمسیۆن كۆبونەتەوە و رێككەوتوون لەسەر دوبارە هەژماركردنەوەی 70 بنكەی دەنگدان بەشێوەی دەستی، ئەگەر ئەنجامەكان راست دەرنەچوون ئەوا چاو بەتەواوی بنكەكانی پارێزگاكەدا دەخشێننەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure