راوێژكارى یاسایی یه‌كێتى له‌سه‌ر هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌دوێت

هەواڵ / کوردستان :: 13/05/2018‌ :: 977‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
راوێژكارى یاسایى مه‌كته‌بی سیاسى یه‌كێتى هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى كه‌ ئاڕاسته‌ى ده‌كرێت له‌باره‌ى ده‌ستكاریكردنى ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و ده‌ڵێت "هه‌ر لایه‌نێك قسه‌ى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌توانێت سكاڵا تۆماربكات".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ى ئایار سمكۆ ئه‌سعه‌د، راوێژكارى یاسایى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، وتى "هه‌ندێك لایه‌ن لێره‌ و له‌وێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، به‌رله‌وه‌ى ئه‌نجامى فه‌رمى له‌لایه‌ن كۆمسیۆن رابگه‌یه‌نرێت".

وتیشى "بابه‌تى ساخته‌كارى له‌ هه‌ڵبژاردن تاوانه‌ و كۆمسیۆن خۆى چاودێرى كردووه‌ و سكاڵاى له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، كۆمسیۆن له‌ ده‌ستپێك تا كۆتایى هه‌ڵبژاردن چاودێرى كردووه‌ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ لایه‌نێك هه‌ر تێبینییه‌كى هه‌بوبێت تۆمارى كردووه‌، ئه‌گه‌ر سكاڵاش هه‌بێ په‌یوه‌ندى به‌ دواى راگه‌یاندنى فه‌رمى ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاچه‌ند یه‌كێتى رازییه‌ به‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێن، سمكۆ ئه‌سعه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق پرۆسه‌یه‌كى ئه‌لكترۆنى بووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌ ده‌بێت له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراق بێت".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "سێرڤه‌رى سه‌ره‌كى ده‌نگه‌كان و سندوقه‌كان له‌ به‌غدایه‌، یه‌كێتى چۆن ده‌توانێت له‌ سلێمانى ده‌ستكارى ده‌نگه‌كان بكات و له‌ هه‌ولێر و ناوچه‌كانى تر ناتوانێت، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بێت بسه‌لمێنرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure