ئەم خولەی پەرلەمان جەنگاوەری پێویستە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 13/05/2018‌ :: 477‌ جار بینراوە

سامانـی وەستا بەکـر
ترس و مەترسـی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق گەورەترین و گرانترین کاری پەرلەمانتارە هەڵبژێراوەکانـی ئەم خولەی پەرلەمانـی عێراق ئەبـێ، لەو هەموارەدا کار بۆ کەمکردنەوە و بگرە تا ئاستـی نەمانـی سەرجەم ئەو مادە دەستورییانە ئەکرێ کە گرنگن بۆ دروستکردنـی هەرێمـی زیاتر و پارێزەری سیستمـی فیدراڵـییشن. ئەم شەڕە تەنها بەو کەسانە ئەکرێ کە حیزب بەکارئەهێنن بۆ بەرژەوەندیی گەل و نیشتـمان نەک پێچەوانەکەی، لە خۆت بپرسە پێش ئەوەی بڕۆی بۆ بەغدا ئایا تۆ ئەوی؟
گەلـی کوردستان هەر لە سەرەتای دابەشکردنـی لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵـی ١٥١٤ی زاینییەوە ئەو شەڕەی كە تیایدا سوڵتان سەلیمـی یەکەم، بە سوود وەرگرتن لە کورد، زاڵ بوو بەسەر شا ئیسماعیلـی سەفەوی، دوای ئەوە دابەشکردنـی کوردستان بەشێوەیەكـی ڕەسمـی لە ساڵـی ١٦٣٩ کە تیایدا کوردستانـی باکور و باشور بەر عوسمانییەکان کەوت و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەر ئێران کەوت، لەو ڕۆژەوە گەلـی کوردستان چاڵی بێبەش کردنـی بۆهەڵکەنرا.
ساڵی ١٩١٤ کاتـێ شەڕی جیهانـیی یەکەم هەڵگیرسا، بریتانیا ویلایەتـی بەســرە و دوای ئەوەش ویلایەتیـی بەغدای گرت و لە دەستـی عوسمانیەکانـی دەرهێنا. ئەو کات بەتەمای دامەزراندنـی وڵاتێکـی عەرەبـی بوو لەو دوو ویلایەتە، بەڵام لەدواییدا بەرەو ویلایەتـی موسڵیش کشا (موسڵ و کەرکوک و هەولێرو سلێمـانـی ئەگرتەوە) داگیـری کرد.
لە ساڵـی١٩٢٠ کاتـێ پەیمانـی سیڤەر مۆرکرا، کورد چاوەڕوانـی ئەوە بوو دەوڵەتێکـی کوردی دابمەزرێ، بەڵام لە پەیماننامەی شـوومـی لۆزان ساڵـی ١٩٢٣ تەواوی داخوازییەکانـی کورد فەرامۆشکرا، بۆ پاراستنـی بەرژەوەندیی تایبەتـی خۆیان پشتیان لە مافـی ڕەوای گەلـی کوردستان کرد.
ساڵـی ١٩٢٥ لە سەردەمـی کۆمەڵەی گەلان بە پێچەوانەی داخوازیی کورد، بە ناڕەوا پێشنیازی بەستنەوەی خوارووی کوردستانیان کرد بە دەوڵەتـی عێراقەوە، ئیتر لەوساوە بەدوای دەسنیشانکردنـی ئایندەیەکـی سیاسـی بە خۆیەوە دەکەوێ، بەڵام بەداخەوە نە لە سەردەمـی دەسەڵاتـی بەریتانییەکان و نە لە دوای دروستبوونـی عێراق و نە لەدوای ئەوەش تاکو ئەمڕۆ ڕێگەیەکـی عادیلانە نەگیراوەتەبەر بۆ چارەسەرکردنـی کێشەی گەلـی کوردستان.
ئەگەرچـی بیروبۆچوونی باش هەبوون و لەلایەن هەندێ کەسەوە دەرچوون هەر لە سەربەخۆی کوردستان بەبـێ بەستنەوەی بە دەوڵەتـی عێراق تاکـو بـیـروبۆچوونـی کۆنفیدراڵ و فیدراڵـی و ئۆتۆنۆمیش بۆ بەستنەوەی ئەو بەشەی کوردستان بە دەوڵەتـی عێراقەوە بەڵام سەرەنجام هەموو ئەم هەوڵ و بیروبۆچوونانە شکستیان هێناوە.
بەیەکەوەبەستنەوەی زۆرەملـێیانە هەر لە سەردەمـی مەلیک فەیسەڵی هاوردەوە تاکـو ڕووخاندنـی ڕژێمـی بەعس گیراوەتەبەر، لەمەشدا عێراقییەکان لەناو گێژاوی شەڕوشۆڕا  تلاونەتەوە، بە هەزاران هەزار بوونەتە قۆچـی قوربانـیی نیازە گڵاوەکانـی دەسەڵاتدارانـی عێراق، نەتوانراوە عێراقێکـی دیموکراتـی و فیدڕاڵی و فرە حزبـی لەدایکبـێ و مافـی نەتەوەیی و کلتوری و سیاسـی و ئابوری و کۆمەڵایەتـی هەموو لایەک بپارێزێ، وای لێبکرێت عێراقییەکان سەرەڕای جیاوازی نەتەوەیشیان هەست بەبوونـی عێراقیبوونـی خۆیان بکەن و شانازیی پێوەبکەن، هۆی سەرەکیش ئەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونـی ئەو بۆچوونە سەقەتەی کە هەر لە سەرەتاوە عێراقێکـی بەزۆر پێکەوەبەستـراو لەجیاتـی عێراقێکـی یەکگرتووی ئارەزوومەندانە گیراوەتەبەر.
لە ڕۆژی ٢١ی ئازاری ١٩٢٥ کاتـێ لەلایەن ئەنجومەنـی دامەزراندن، قانونـی بنچینەیـی عێراق داڕێژرا لەلایەن مەلیک فەیسەڵ وەک یەکەم دەستوری هەمیشەیـی ڕەزامەندیی لەسەر درا و ڕاگەیەنرا بە درێژایـی ماوەی ١٩٢٥-١٩٥٨کاری پێکرا و دوای ئەوەش چەندین دەستوری کاتیش ڕاگەیەنرا، تا هاتووە دەستور و قانون لە عێراقدا تێکەڵاوی دەسەڵاتەکانـی تر کراوە و لە ناوەرۆکـی ڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە.
لە سەردەمـی دەسەڵاتـی بەعسدا (مەجلیسی قیادەی سەورە) بە ئارەزووی خۆی دەستور و یاسای لە عێراقدا تێکداوە بە مەبەستـی سەپاندنـی سیاسەتـی دیکتاتۆریانە و تاکڕەوانەی بەعسیانەی خۆی و بە مەبەستـی میلیتاریزەکردن و پێشێلکردنـی مافـی مرۆڤ و ئازادی تاک و کۆ و کۆکردنەوەی تەواوی دەسەڵات لە شەخسـی سەرۆک و ڕێخۆشکردن بۆ تێوەگلانـی عێراق و گرتنەبەری سیاسەتـی بێ ویژدانانەی ئاوارە و دەربەدەرکرن و دەست بەسەراگرتنـی موڵک و ماڵـی هاووڵاتییانـی عێراق و جێبەجێکردنـی سیاسەتـی تەعریب و تەبعیس و تەهجیر و دەیان کاری دزێوانەی تر بە ناوی یاسا لە پێناوی خاڵـیکردنـی لە ناوەرۆکـی ڕاستەقینەی خۆییدا گیراوەتەبەر، هەر هەمووی لەلایەن بەعس و سەرکردە دیکتاتۆرەکەی پاوان کرابوو.
ئەم کۆکردنەوەی دەسەڵاتە لە دەستور و یاساکانـی عێراق لە دەستـی کەسێک، ئەم گوێنەدانە بە پێکهاتە نەتەوەییەکانـی گەلانـی عێراق لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری و ئەرمەنـی، هەروەها پێکهاتەی ئاینـی و مەزهەنییەکان لە ئیسلام (سوننە وشیعە) و مەسیحـی و ئێزدی و کاکەیـی و زەردەشتـی و..... هتد، ڕاستیەکمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە دەوڵەتـی عێراق هەر لە دامەزراندنیەوە بە گرتنەبەری سیستمـی حوکـمـی مەرکەزی بەناوی پاراستنـی یەکێتـی خاکـی عێراق و خۆ دوورگرتن لە سیستـمـی حوکـمـی فیدڕاڵی وەک سیستمێکـی یاسایـی و سیاسـی ئاوێتەکراو، ئەو واقیعەی هێناوەتە پێش کە عێراقـییەکان لە ماوەی دامەزراندنـی دەوڵەتـی عێراقەوە تاکـو ئەمـڕۆ باجەکەی بدەن.
پێکهاتەی نەتەوەیـی و ئاینـی و مەزهەبییەکان لە هەر وڵاتێک لە شێوەی عێراقدا بێت، ئەگەر ڕەچاوی ئەوە نەکات سیستمـی فیدڕاڵـی هەبێت و دەسەڵاتەکان دابەش نەکرێن بۆئەوەی هیچ کەس و تاقم و لایەنێک بۆی نەبێت بەناوی مەرکەزییەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریبهێنـێ، ئەوە ئەم پێکهاتە زۆرەملێیە نەک هەر نزیکەی ١٠٠ ساڵ بەڵکو ئەگەر دەهێندەی تریش بخایەنـێ هەر سەرکەوتوو نابێت و کێشە نەتەوەییەکان و ئاینییەکان و مەزهەنییەکان نابڕێتەوە.
کەواتە یەکەم هەنگاوی عێراقییەکان بۆ بنەبڕکردنـی کێشەکان و بۆئەوەی عێراقێکـی یەکگرتوو لەسەر پرس و ڕاو و خواستـی گەلەکانـی دابمەزرێ، هەڵتەکاندنـی سیستمـی مەرکەزی و جێگرتنەوەیەتـی بە سیستمـێکـی فیدڕاڵـی و کردنـی دەوڵەتـی عێراقە لە دەوڵەتێکـی سادە (بسیگ) بۆ دەوڵەتێکـی ئاوێتە (مرکبە)، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە پیادەکردنـی سیستمـی فیدراڵـی نیە بەڵکـو بە ئەمری واقیع هەرێمێک (هەرێمـی کوردستان) پێش ڕووخانـی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بوونـی هەبووە و بەناچاریی گیراکراوە بۆیە زۆر گرنگە کە گرنگترین کاری پەرلەمانتاران بە گشتـی و بە تایبەتـی کۆی فراکسیۆنە کوردییە جیاوازەکان، کارکردن بـێ بۆ سەپاندنـی سیستمـی فیدراڵـی کارا و کارپێکراو و هەوڵبدەن هاندەر و هاوکار و پشتگیریی هەر هەوڵێکبـن بۆ لەدایکبوونـی چەندین هەرێمـی تر هاوشیوەی هەرێمـی کوردستان.
تا ژمارەی هەرێمەکان زۆربن لە عێراق دەسەڵاتـی ناوەند کزتر و کپتر و کەمتر ئەبـێ و دەسەڵات و ماف ئەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان و هیچ پێکهاتەیەک لەلایەن پێکهاتەیەکـی ترەوە، وەک ئەوەی تا ئەمڕۆش هەیە، ناچەوسێنرێتەوە بەڵکو داهاتوو و دەسەڵات و بەڕێوەبردن و نوێنەرایەتـیکردن و پەیوەندییەکان بەجۆرێک ئەبـێ کە هەر هەرێمێک لایەنـی کەمـی مافەکانـی  تیا پارێزراو ئەبـێ.
پەیڕەوکردنـی سیستمـی فیدراڵی بەشێوەی جۆراوجۆر بە ڕەچاوکردنـی واقیعـی تایبەتـی هەر وڵاتێک لە سویسـرا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و هیند و بەلجیکا و فەنزویلا و ئوسترالیا و مەکسیک و ئەرجەنتین و کەنەدا و دەیان شوێنـی تر کە کێشەی نەتەوەی یان ئاینـی یان کلتوری تێدابووە، سەرکەوتنـی خۆی لەم شوێنانە ڕاگەیاندووە، بەرەو ئەوەمان ئەبات کە پێکهاتەی عێراقیەکانیش بەو شێوەیە هەر ئەبـێ ڕێگەی سیستـمـێکـی فیدراڵـی بگرێتەبەر ئەگەرنا عێراق هەر عێراقێکـی یەکگرتووی زۆرەملـێ ئەبـێ لە جیاتـی عێراقێکـی یەکگرتووی ئارەزوومەندانە.
دوژمنانـی گەلانـی عێراق زۆر ڕاستـی هەیە باش درکـی پێئەکەن کە لە سیستمـی فیدراڵییدا پەیڕەو ئەکرێت، پاراستنـی یەگرتوویی خاکی عێراق زامن ئەکات، بچووکتریـن هەڕشە بۆ لێکترازانـی عێراق دروست ناکات، بۆیە کاری ئەندام پەرلەمانە هەڵبژێراوەکانە کە چەند خاڵێک هەیە بە وردی ڕژدی بکەنە سەر و بۆ پەرلەمانتارانـی نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانـی عێراقـی ڕوون بکەنەوە لە پێش هەمووشیانەوە شیعەکان، لەوانە:
*بەناوی یەک دەوڵەتەوە تەواوی کارەکان بەڕێوە ئەبرێ.
*سەرجەم عێراق یەک ئاڵای ئەبێت لە پاڵ ئەوەشا حکومەتـی هەرێمەکان ئاڵای تایبەت بە خۆیان ئەبـێ.
*یەک لەشکری یەکگرتووی عێراقـی ئەبێت کە ئەرکـی پاراستنی عێراق ئەگرێتە ئەستۆ.
*یەک دەستوری فیدراڵـی ئەچەسپێ تەواوی دەستورە هەرێمییەکان ناکۆک نابن لە گەڵیدا.
*بەڕیوەبردنـی کاروباری درەرەوە لە دەستـی حکومەتـی عێراقدا ئەبێت.
*بەستنـی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆی حکومەتـی فیدراڵییە بە ئاگاداریی حکومەتە هەرێمییەکان.
*تەواوی عێراق یەک پارەی ئەبێ.
*تەواوی عێراقییەکان یەک ڕەگەزنامە هەڵئەگرن.
*ڕاگەیاندنـی شەڕو ئاشتـی لە دەستـی حکومەتـی فیدراڵیدا ئەبـێ.
*ئەو سەرچاوەی سامانەی هەن سامانـی حکومەتـی فیدراڵە بە شێوەیەکـی یەکسان دابەش ئەکرێتەوە بەسەر سەرجەم عێراقییەکاندا.
ئەم خاڵانە سانان و زۆربەمان ئەیزانین، بەڵام بەهۆی خراپ بەکار‌هێنانـی دەسەڵات و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانـی دەسەڵاتی هەرێمەکان لە لایەن هەرێمـی کوردستانەوە لەوەی کە لە دەستوری عێراقدا ڕێگەی پێدراوە، بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ببێتە داردەستـی ئەو کەس و لایەنانەی خواسـتـی عێراقێکـی دیکتاتۆر و سەرکوتکەریان هەیە، هەوڵئەدەن کۆی بڕیارەکان بەرنەوە بۆ ناوەند و لە کۆتایشدا حیزبێک و تاکە کەسێک بڕیاردەری کۆی وڵات بـێ.
 لەبەر ئەم هۆکارە کاری کۆی پەرلەمانتارە کوردەکانە کە دڵنیایی بگێڕنەوە ناو دڵـی هاوڕێ پەرلەمانتارەکانیان لە لایەنە عێراقییە جیاوازەکان، چونکە لەم خولەی پەرلەماندا ترسێک و مەترسییەکـی زۆر گەورە هەیە کە دەستور بگێڕرێتەوە ناو پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوە کە لەوێشدا بۆ سنووردارکردن و بچوکردنەوە تا ئاستـی نەمانـی هەرێمـی کوردستان بە بیانووی هەموارکردنەوەی دەستور کار بکرێت بۆ لابردنـی کۆی ئەو مادە دەستورییانەی کە ڕێگە بە دروستکردنـی هەرێم و گرەنتـی فیدڕاڵیبوونـی عێراق ئەپارێزێت.






















  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure