رۆژنامه‌یه‌ك: نزیكه‌ى 3 بۆ 4 ملیار دۆلار خه‌رجى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بووه‌

هەواڵ / ئابوری :: 12/05/2018‌ :: 354‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى حه‌یاتى له‌نده‌نى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كرد، له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى په‌رلمانى عێراقدا، هاوپه‌یمانى و ئیئتلاف و قه‌واره‌ و كاندیده‌كان نزیكه‌ى 3 بۆ 4 ملیار دۆلاریان خه‌رجكردووه‌.


به‌پێى راپۆرتى رۆژنامه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌، خه‌رجى هه‌ڵمه‌تى كاندیده‌كانى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شه‌قامى عێراقى توڕه‌ و نیگه‌ران كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى نور نوجێفى توێژه‌رى په‌روه‌رده‌یى به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌، عێراق تا ئێستا له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكاندا قوتابخانه‌ى قوڕینى هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كاندیده‌كان ئه‌و تێچوونه‌ى بۆ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان خه‌رجى ده‌كه‌ن، بۆ بنیاتنانى قوتابخانه‌كان ته‌رخانیان بكردایه‌ باشترین هه‌ڵمه‌ت ده‌بوو بۆ كاندیده‌كان، ده‌نگێكى زۆرتریان كۆده‌كرده‌وه‌، قوتابخانه‌كانیش نوێ ده‌كرانه‌وه‌.

هه‌ندێك لایه‌نى ئابورى بۆ رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌یان پشت راستكردۆته‌وه‌، كۆى ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2018 ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق خه‌رجكراوه‌، له‌ نێوان 3 بۆ 4 ملیار دۆلار ده‌بێت، هه‌رچه‌ند فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ ده‌نگ و كارتى ده‌نگدان ده‌فرۆشن، كه‌چى نرخى یه‌ك ده‌نگیش، به‌پێى ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ دزه‌ پێكراوانه‌ى بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 200 دۆلار كه‌وتوون.

چاودێرێكى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ئه‌وه‌ى ئاشكراكردوو، ئه‌و ده‌عوه‌ت و میواندارییه‌ى كاندیده‌كان بۆ ده‌نگده‌رانیان خه‌رجكردووه‌، له‌م هه‌ڵمه‌ته‌یاندا، رێژه‌یه‌كى زۆر سامانى ئاژه‌ڵى وڵاتى له‌ناو بردووه‌، نرخى ئاژه‌ڵ و گۆشتى به‌رزكردۆته‌وه‌، كه‌سیش نازانێت كۆمه‌ڵگه‌ بۆچى باجى سه‌ركه‌وتنى 328 په‌رله‌مانتار به‌شێوه‌ و ڕێگه‌یه‌ بده‌ن، هه‌موو چوار ساڵ جارێك.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت "شه‌قامى عێراق زۆر هه‌ستیارانه‌ سه‌یرى ئه‌م پرۆسه‌ى خه‌رجكردنه‌ ده‌كات، بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌به‌ر رووبه‌ڕووبونه‌ووه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ چه‌ند شێوه‌ مه‌ده‌نى و میدیایى، سه‌ره‌تاكه‌شى له‌ ماس میدیا و سوشیال میدیادا ده‌رده‌كه‌وێـت.

جه‌مال دیوانى، پسپۆڕى بوارى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن، له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌ى حه‌یاتى له‌نده‌نى وتووه‌، قه‌باره‌ى ته‌رخانكردن و خه‌رجكردنى هه‌ڵمه‌ته‌كان له‌ حزب و قه‌واره‌یه‌كه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ كاندیدێك و كاندیدێكى تره‌وه‌ جیاوازه‌ و ده‌گۆڕێت، هه‌ندێك هه‌ڵمه‌تى ناوه‌ندیش هه‌ن، كه‌ حزبه‌كان بۆ سه‌رجه‌م كاندیده‌كانى ده‌كه‌ن، هه‌ندێك هه‌ڵمه‌تى تایبه‌تیش هه‌یه‌ كاندید بۆ خۆى ده‌كات.

حكومه‌تى عێراق، بڕى 296 ملیار دینار (246 ملیۆن دۆلار)ى بۆ ته‌واوكردنى ئاماده‌كارییه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ڕێگه‌ى كۆمسیۆنى سه‌ربه‌رخۆیى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ته‌رخانكرد، بۆئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بكاته‌ ئه‌لیكترۆنى، تا یارى به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ قازانجى رێكلامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى جه‌مال دیوانى وتوویه‌تى، هه‌موو قه‌واره‌ و حزبه‌كان كه‌ناڵ و رۆژنامه‌و ئاژانس و ئێزگه‌ى خۆیان هه‌یه‌، به‌بێ به‌رامبه‌ر رێكلامى بۆ كاندیده‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك رێكلامى ترى له‌ كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بى و بیانییه‌كانه‌وه‌، كراوه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌نگێك بۆ كاندیدێك له‌ 20 بۆ 100ى ئه‌مریكى له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌و رێكلامه‌ نزیكه‌ى 10% كاندیده‌كان كردوویانه‌، بۆیه‌ كۆمپانیاكانى رێكلامكردن قازانجێكى باشیان كردووه‌، له‌پاڵ كۆمپانیاكانى پرۆشتنى شتومه‌ك و پێداویستى و ده‌ستى كار.

دیوانى ده‌شڵێت، هه‌ندێك دیارده‌ى هه‌ڵمه‌تى نوێ هه‌بوون، له‌م هه‌ڵبژاردنى 2018دا، كه‌ هه‌ندێكیان فه‌رمى بوون، هه‌ندێكى تریشى نافه‌رمى بوون، وه‌ك رێكخستنى میواندارى و رازاندنه‌وه‌ى سفره‌ى نانخواردن، دروستكردنى فۆرمى زانیارى بۆ هه‌ر ده‌نگده‌رێك و چاودێرى كردنى له‌لایه‌ن كاندیده‌كانه‌وه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنى ده‌نگه‌كه‌ى.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure