رزگار حەمە: كۆمسیۆنیش نازانێ‌ هاوڵاتی دەنگی بەكێ داوە

هەواڵ / کوردستانی :: 12/05/2018‌ :: 246‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت، ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە كە دەوترێت دەزانرێت هاوڵاتی دەنگی بە كێ‌ داوە و دەشڵێت "كۆمسیۆنیش ناتوانێت ئەوە بزانێت".

ڕزگار حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە دواڕۆژی وت "ئەو دەنگۆیانەی دەكرێن و دەوترێت دەتوانرێت لە رێگەی باركۆدی سەر كارتی دەنگدانەوە بزانرێت دەنگدەر دەنگی بە كێ‌ داوە دوورە لە راستییەوە". 

جەختیش دەكاتەوە "بەهیچ شێوەیەك نازانرێت هاوڵاتی دەنگی بە كێ‌ داوە، تەنانەت كۆمسیۆنیش ناتوانێت بزانێت".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەو هاوڵاتیانەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان كردووە و كارتە تازەكەیان وەرنەگرتۆتەوە بەهیچ شێوەیەك مافی دەنگدانیان نیە، هەروەها ئەو كەسانەشی لە دەنگدانی تایبەت نەیانتوانیووە دەنگ بدەن لە دەنگدانی گشتی تا كۆتایی مافی دەنگدانیان نابێت".

رزگار حەمە، ئەوەشی خستەڕوو "ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەشێوەیەكی باش و ئاسایی بەڕێوەچووە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure