سلێمانى: به‌شێك له‌ هاوڵاتیان به‌هۆكارى جیاجیا ناتوانن ده‌نگبده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 12/05/2018‌ :: 206‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌هۆى ئه‌وه‌ى كارتى ده‌نگدانیان به‌ سیستمى بایۆمەتری وه‌رنه‌گرتوەته‌وه‌، رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ هاووڵاتیانى سنورى پارێزگاى سلێمانى ناتوانن ده‌نگبده‌ن، كۆمسیۆنیش رێگرى له‌ ده‌نگدانیان ده‌كات.

عه‌تا حه‌مه‌ساڵح، كارمه‌ندى كۆمسیۆن له‌ ناوه‌ندى ده‌نگدانى قوتابخانه‌ى (قه‌ڵاى دمدمى بنه‌ڕه‌تى) لەسلێمانی، به‌ دواڕۆژى وت "پڕۆسه‌كه‌ زۆر به‌ ساردى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و رێژه‌ى به‌شدارى هاووڵاتیان زۆر كه‌مه‌ تائێستا".

وتیشى "كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترى ده‌نگدانیان كردووه‌ و نه‌چوون كارته‌ تازه‌كه‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ وێنه‌ى خۆیانى له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ناتوانن به‌ كارته‌ كۆنه‌كه‌شیان ده‌نگبده‌ن و مافى ده‌نگدانیان نیه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "به‌هۆى ئه‌وه‌ى كارته‌كانیان وه‌رنه‌گرتوەته‌وه‌ تا ده‌نگى پێبده‌ن، كۆمسیۆن رێگه‌نادات ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شدارى ده‌نگدان بكه‌ن".

ئه‌و كارمه‌نده‌ى كۆمسیۆن، باسى له‌وه‌شكرد "ئه‌مڕۆ كێشه‌یه‌كى تریش هه‌یه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كى زۆر ده‌نگده‌رى تایبه‌ت ناویان له‌ ده‌نگدانى گشتیش هه‌یه‌ و دێن بۆ به‌شداریكردن له‌ ده‌نگدان، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كارته‌كانیان ژماره‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆیان نیه‌ ده‌نگبده‌ن". 
 
بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مڕۆ ده‌نگدانى گشتى بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌شێوازى ئه‌لیكترۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ تێیدا 24 ملیۆن و 349 هه‌زار و 357 هاووڵاتى مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى 12 لایه‌نى سیاسى به‌ 208 كاندید به‌شدارن له‌ پڕۆسه‌كه‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانى 18 كورسى په‌رله‌مان، 503 ناوه‌ندى ده‌نگدانیش كراوه‌ته‌وه‌، له‌ سنورى پارێزگاكه‌ش ملیۆنێك و 304 هه‌زار و 168 هاووڵاتى مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure