بەهۆی گرفتێکەوە سبەینێ رێژەیەکی زۆر هاوڵاتی ناتوانن دەنگ بدەن

هەواڵ / کوردستان :: 11/05/2018‌ :: 11739‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەهۆی ئەوەی کۆمسیۆن پێدانەوەی کارتی دەنگدانی راگرتووە، سبەینێ شەممە 12ی ئایار لە رۆژی دەنگدانی گشتی رێژەیەکی زۆر هاوڵاتی بێبەش دەبن لە دەنگدان.


کارمەندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ناوەندی دەنگدانی قوتابخانەی قەڵای دمدمی بنەڕەتی لە سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دواڕۆژی وت "ئەمڕۆ سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دەنگدانی گشتی سبەینێ".   

وتیشی "کێشەیەک دروست بووە، ئەویش ئەوەیە کە رێژەیەکی زۆر هاوڵاتی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان کردووە، بەڵام وەریان نەگرتۆتەوە، ئەو کەسانەش لە لیستەکانی لای ئێمە نوسراون (مسجل) و بۆیان نیە دەنگ بدەن".

ئەو سەرچاوەیە، ئاماژەی بەوەشدا "هەر لەو ناوەندی دەنگدانەی منی لێم کارتێکی زۆری وەرنەگیراوەی لێیە، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن بۆ سبەینێ کارمەندێک دابنێ کارت بدەنەوە بەو کەسانەی وەریان نەگرتۆتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن".

باسی لەوەشکرد "کۆمسیۆن نایەوێ کارمەند دابنێت و هاوڵاتیەکی زۆر بەو هۆیەوە مافی دەنگدانیان نابێت".

لە رۆژی ۹ی ئایارەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێدانەوەی کارتی دەنگدانی راگرتووە.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure