سه‌دان كوردیان تێدایه‌
زياتر لە 6 هەزار هاوڵاتى عێراقى كه‌ له‌ سعودیه‌ن له‌ ده‌نگدان بێبه‌شده‌بن

هەواڵ / کوردستان :: 11/05/2018‌ :: 194‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌هۆى نه‌بوونى بنكه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت به‌ هاوڵاتیانى عێراقى له‌ وڵاتى سعودییه‌، 6500 هاوڵاتى عێراقى كه‌ به‌ مه‌به‌ستى جیاواز له‌و وڵاته‌ن بێبه‌شده‌بن له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدان و ئەندامێكى ئەنجومەنى کۆمسیارانى عێراق-یش رایده‌گه‌یه‌نێت "سعودییه‌ رازینه‌بووه‌ بنكه‌ى ده‌نگدان له‌ وڵاته‌كه‌یدا بكه‌نه‌وه‌".


به‌هۆى گه‌شتكردن بۆ سه‌فه‌رى عومره‌ و به‌ مه‌به‌ستى جیاواز به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام هاوڵاتیانى عێراق سه‌ردانى وڵاتى سعودییه‌ ده‌كه‌ن و له‌ ئێستاشدا زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار هاوڵاتى عێراقى له‌و وڵاته‌ن.

سه‌عید كاكه‌ى، ئەندامى ئەنجومەنى کۆمسیارانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كى زۆر هاوڵاتى عێراق له‌ وڵاتى سعودییه‌ن و زۆرینه‌شیان به‌مه‌به‌ستى سه‌فه‌رى عومره‌ سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌. ئه‌م هاوڵاتیانه‌ له‌ مافى ده‌نگدان بێبه‌شده‌بن، چونكه‌ بنكه‌ى ده‌نگدانى هاوڵاتیانى عێراقى له‌و وڵاته‌ بوونى نیه‌".

وتیشى "پێشتر وڵاتى سعودیه‌یان له‌و كێشه‌یه‌ ئاگارداركردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌نه‌بووه‌ رێگه‌یان بدات بنكه‌ى ده‌نگدان بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌".

هاوكات مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 6 هه‌زار و 500 هاوڵاتى عێراقى به‌ مه‌به‌ستى سه‌فه‌رى عومره‌ سه‌ردانى سعودییه‌یان كردووه‌ و له‌و وڵاته‌ن".

وتیشى "به‌هۆى نه‌بوونى بنكه‌ى ده‌نگدان له‌ سعودییه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و هاوڵاتیانه‌ له‌ مافى ده‌نگدان بێبه‌شده‌بن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure