مالیزیا: هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى مه‌هاتیر محه‌مه‌د بردنه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستهێنا

هەواڵ / جیهان :: 10/05/2018‌ :: 289‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
مه‌هاتیر محه‌مه‌د، سیاسه‌تمه‌دارى ناودارى مالیزیا و پێشه‌واى ئۆپۆزسیۆن، دواى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى دوێنێدا زۆرترین كورسیه‌كانى به‌ده‌ستهێنا رایگه‌یاند كابینه‌ى حكومه‌تى داهاتوو پێكده‌هێنێت. 


دواى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان پارته‌كه‌ى مه‌هاتیر محه‌مه‌د له‌ كۆى 222 كورسى 113 كورسى به‌ده‌ستهێنا و پێش ركابه‌ره‌كه‌ى نه‌جیب عه‌بدولڕه‌زاق كه‌وته‌وه‌ كه‌ 79 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10 ئایار له‌ كۆنگریه‌كى رۆژنامه‌وانیدا مه‌هاتیر محه‌مه‌د گشت گومانه‌كانى ره‌وانده‌وه‌ و ئاشكرایكرد حكومه‌تى داهاتوو پێكده‌هێنێت.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "له‌ئێستادا حاڵه‌تى نائاسایی هه‌یه‌، پێویستمان به‌ پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌یه‌".

مه‌هاتیر ته‌مه‌نى 92 ساڵه‌ و له‌نێوان ساڵانى 1981 تا 2003 به‌شێوه‌ى زه‌بروزه‌نگ حكومى مالیزیاى كردوه‌.

چاودێرانى سیاسى پێشبینیان  نه‌ده‌كرد مه‌هاتیر محه‌مه‌د زۆرینه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و پێش هاوپه‌یمانى (پاریسان) به‌سه‌رۆكایه‌تى نه‌جیب عه‌بدولڕه‌زاق،ى سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌وێت، كه‌ زۆرینه‌ى مالاوییه‌كانى مالیزیا پاڵپشتیانده‌كرد، به‌ڵام مه‌هاتیر محه‌مه‌د هاوپه‌یمانییه‌كى له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر ئیبراهیم، سه‌ركرده‌ى ئۆپۆزسیۆنى زیندانیكراو پێكهێنا و سودیان له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى خه‌ڵك و گه‌نده‌ڵیه‌كانى نه‌جیب وه‌رگرت كه‌ له‌ ساڵى 2015 ئاشكرابوو.

مه‌هاتیر پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى برده‌وه‌، (ئه‌نوه‌ر) ئازاد ده‌كات و ده‌یكات به‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

مه‌هاتیر محه‌مه‌د، له‌ 10ى ته‌مووزى ساڵى 1925 له‌ گه‌ڕه‌كێكى شارى ئالور ستار  پایته‌ختى ولایه‌تى قدح له‌ دایكبووه‌، باوكى مامۆستا بووه‌ ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تییان مامناوه‌ند بووه‌، به‌ڵام دایكى له‌ بنه‌ماڵه‌ى پادشاى قدح بووه‌.

ژیانى سیاسى مه‌هاتیر به‌كۆمه‌ڵێك قۆناغدا رۆیشتووه‌ و ساڵى 1981 بۆ یه‌كه‌مجار بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ مالیزیا له‌ خراپترین دۆخى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابووریدا بوو، به‌ڵام توانى وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌وپێش به‌رێت و گۆڕانكارى گه‌وره‌ له‌ ئابوورى ئه‌و وڵاته‌ بكات و پێنج خول هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ى 22ى ساڵ حكومى كرد. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure