لەچەند بنكەیەكی هەولێر كارتی دەنگدان نادرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 10/05/2018‌ :: 241‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
لە چەند بنكەیەكی شاری هەولێر كارتی دەنگدان دابه‌شناكرێت و نادرێتەوە به‌ هاوڵاتیان و بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێت "پێویستە تاوەكو كاتژمێر شەشی ئێوارە كارتەكان بدرێنەوە".


لە خوێندنگەی هەنگاو لە گەڕەكی برایەتی هەولێر دەرگای بنكەی دەنگدان داخراوە و كارتی دەنگدان نادرێتەوە.

چەند هاووڵاتیەك كە لەبەردەم خوێندنگەکە بوون بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان بە دواڕۆژیان راگەیاند "لە بەیانی ئەمڕۆوە هاتووین بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان، بەڵام بنكەكە داخراوە".

لەلایەكی تریشەوە لە خوێندنگەی خەجە باوە لە گەڕەكی  باداوەی هەولێر هەرچەندە خوێندنگاگە كراوەتەوە، بەڵام كارتی دەنگدان نادرێتەوە.

دواڕۆژ زۆر هەوڵیدا لێدوان لە بەرپرسی بنكەكان وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیاریەك باس بكەن.

لای خۆیەوە عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق (كه‌ بڕیارى دورخستنه‌وه‌ى له‌و پۆسته‌ ده‌رچووه‌) بە دواڕۆژی راگەیاند "بەپێی رێنمایی كۆمسیۆن پێویستە تاوەكو كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ كارتی دەنگدان بدرێتەوە".

وتیشی، دوای كاتژمێر شەش هەر كاتێكی دەنگدان لە بنكەكان بمێنێتەوە دەبرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەكی كۆمسیۆن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure