پارێزگارى سلێمانى زانیارى سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی ده‌نگدانى تایبه‌ت و گشتى ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 09/05/2018‌ :: 439‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئایار رایگه‌یاند، هه‌موو رێوشوێنه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان گیراونه‌ته‌به‌ر، دەشڵێت "ده‌نگدان له‌ 7ى به‌یانى بۆ 6ى ئێواره‌یه‌، هاوڵاتیان ده‌بێت ئاگاداربن ده‌نگدان له‌ كاتژمێر 6ى ئێواره‌ داده‌خرێت و ئامێره‌كان له‌ به‌غداوه‌ ده‌كوژێندرێنه‌وه‌".


هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "هه‌موو رێوشوێنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان گیراونه‌ته‌به‌ر، كاره‌با بۆ ئامێره‌كان دابین کراون و وتى "سبه‌ینێ ده‌نگدانى تایبه‌ت له‌ 7ى به‌یانى بۆ 6ى ئێواره‌یه‌، هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانى ناوخۆ بێلایه‌نن و ئه‌و هێزانه‌  ئازادن ده‌نگ به‌ كێ ده‌ده‌ن".

وتیشى "هێزه‌كانى ئاسایش له‌گه‌ڵ ده‌نگدانى گشتى به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ 7ى به‌یانى بۆ 6ى ئێواره‌، به‌ڵام هاوڵاتیان ده‌بێت ئاگادار بن ده‌نگدان له‌ كاتژمێر 6ى ئێواره‌ داده‌خرێت و ئامێره‌كان له‌ به‌غداوه‌ ده‌كوژێندرێنه‌وه‌، بۆیه‌ باشتر وایه‌ هاوڵاتیان به‌زوویى ده‌نگ بده‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ هاتووچۆى هاوڵاتیان له‌ رۆژى ده‌نگدانى گشتى، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر روونیکردەوە "هاتووچۆ له‌نێوان پارێزگاكاندا داده‌خرێت، به‌ڵام هاتووچۆى نێوان ناوچه‌كانى پارێزگایه‌ك ئاساییه‌، فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كان له‌ كاتژمێر 12ى شه‌وى هه‌ینى له‌سه‌ر شه‌ممه‌ تا كاتژمێر 12ى شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌كشه‌ممه‌ داده‌خرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure