سه‌رۆكی لیستی پارتی: هۆكارێكی دڕاندنی پۆسته‌ره‌كانمان بێزاربوونی خه‌ڵكه‌ لێمان

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 08/05/2018‌ :: 1221‌ جار بینراوە
رزگار ئەژی گۆران سەرۆكی لیستی پارتی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
رزگار ئەژی گۆران سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە جاری پێشوو دەنگ دەهێنین، دەڵێت "هۆكار زۆرن لە پشت شێواندن و دڕاندنی ریكلامەكانەوە، یەکێک لەهۆکارەکان بێزاربوونی خەڵکە لێمان".


دواڕۆژ: بەرنامەی كارەكانتان لە پەرلەمانی عێراق چی دەبێت؟ 
ڕزگار ئەژی گۆران: پێش هەموو شتیك جێبەجێكردنی كارنامەی پارتیمانە،خۆ ئەگەر توانیمان لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان هاوپەیمانێتیەكی پتەو لە ناو هۆلی پەرلەمانی عێراقدا دروست بكەین و كارنامەی هەموو لایەكمان یەكبخەین بۆ دەسكەوتی نەتەوەیی و دوور لە دەسكەوتی حزبی و شخصی، ئەوە زۆر باشترە.

دواڕۆژ: ئەگەر بچیتە پەرلەمانی عێراق چی دەكەیت؟ 
رزگار ئەژی  گۆران: پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكانمان دەكەم. هەوڵی ئەوە دەدەم رۆڵم هەبێت لە نزیكخستنەوەی لایەنەكان بە ئاراستەی كار و خەباتی پەرلەمانیی هاوبەش و بۆ یەك مەبەست.

دواڕۆژ: ئەوەی دەیڵێیت، ئەگەر نەتكرد ئامادەی دەستلەكاربكێشیتەوە؟ 
ڕزگار ئەژی گۆران:
بەلای منەوە ئاساییە و دەستلەكاردەكێشمەوە، چونكە من سیاسەت و بەرنامەی حیزبێك پەیڕەو ئەكەم كە هەڵقولاوی ناخ و خواستی خەڵكی ئازادیخوازانی ناو پارتی و دەرەوەی پارتیشە.

دواڕۆژ: بۆچی داوات نەكرد حزبەكەت لێپرسینەوە لە پەرلەمانتارەكانی پێشوو بكات كە نەیانتوانی بەرنامەی حیزبەكەیان جێبەجێ بكەن؟
ڕزگار ئەژی گۆران: ئەندام پەرلەمانەكانی ئیمە هەموویان لە هەوڵی جێبەجێكردنی كارنامەی پارتیمان و ئەركەكانی سەرشانیان بوون، لەوانەیە تەنها تیبینیمان لەسەر كارا و چالاكبوونیان هەبێت، وەك جیاوازیی لە توانای هەندێكیان.

دواڕۆژ: خەڵك رای وای ئێوەومانان بۆ خۆدەوڵەمەندكردن دەچنە بەغدا نەك بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكەن، وەڵامتان چییە؟ 
ڕزگار ئەژی گۆران:
هێشتا هێندەی میدیاكارێكی چەواشەكار و هەلپەرستمان دەست ناكەوێت كە لە چەندین لاوە پارە وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر سەرنجت دابێت لە لیستەكەی ئێمە دوورە لەو ئاماژەبۆكردنە، چونكە چەندین كادری پسپۆر و شارەزای لەخۆگرتووە.


دواڕۆژ: لە ماوەی چەند رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن سووكایەتی بە وێنە و دروشمەكانتان كرا، پێـوانییە خەڵك لێتان بێزارە؟ 
ڕزگار ئەژی گۆران:
هۆكار زۆرن لە پشت شێواندن و دڕاندنی ریكلامەكانەوە، لەوانەیە ئەوەی تۆ ئەیڵێیت یەكێكیان بێت.

دواڕۆژ: ئەمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، كەچی هەندێك لایەن دروشمی گۆڕینی سیستم و دەسەڵاتی هەرێم بەرزدەكەنەوە، قسەی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
رزگار ئەژی گۆران:
ئەمە بێ بەرنامەیی و بێ ستراتیژیی ئەو لایەنانەیە، یان لێیان گۆڕاوە، یاخود بۆ رازیكردنی دۆستەكانی دەرەوەی هەرێمیانە و پێیان دەڵێن ئێمە لەسەر پەیمانی خۆمانین بۆ تێكدانی ئاسایش و سەروەریی هەرێم.

دواڕۆژ: پارتی لە سلێمانی بەتەمای چەند كورسی پەرلەمانە؟ ئایا هەمان دەنگی پێشوو دێننەوە؟
رزگار ئەژی گۆران:
زیاتر لە جاری پێشوو دەنگ و كورسی بەدەستدێنینەوە، هەرچەندە ئەم بابەتە رێژەییە و پەیوەستە بە ژمارە و رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure