پێنج لایەنی سیاسی سكاڵا لەسەر كۆمسیۆن و پارتی لە بەغدا تۆماردەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 08/05/2018‌ :: 966‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
به‌ تۆمه‌تى پێشلكارییەكانی هەڵبژاردن، پێنج لایەنی سیاسی لە دهۆك و بەغدا سكاڵا لەسەر نوسینگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی دهۆك و پارتی تۆماردەكەن، بەرپرسێكی یەكگرتووش دەڵێت "كۆمسیۆن بێلایەنی خۆی لەدەستداوە".


بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، به‌ تۆمه‌تى پێشلكاری و دانانی كەسانی حزبی وەكو بەڕێوەبەری وێستگەكانی دەنگدان لە سنووری بادینان، یەكێتی و گۆڕان و هاوپەیمانی و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان چەند سكاڵایەكیان لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و نوسینگەی دهۆكی كۆمسیۆن لە بەغدا و دهۆك تۆماركردووە.

پارێزەر رەمەزان ئەركیسی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو بە دواڕۆژی راگەیاند "چەندین پێشلكاری بەرامبەر یەكگرتوو لە سنووری بادینان ئەنجامدراوە، لەوانە لە ئامێدی كەسی واهەیە ماستەری لە یاسا هەیە و لە تاقیكردنەوەی كۆمسیۆن 18 نمرەی لە كۆی 20 نمرە هێناوە و بۆ ماوەی شەش رۆژیش دەوامی كردووە، بەڵام نەكراتەوە بەڕێوەبەری وێستگە لەبەرئەوەی یەكگرتوو بووە".

وتیشی "لەگەڵ ئەوەی كەسانی شارەزا و بەتوانا هەن، بەڵام 16 كەس وەكو بەڕێوەبەری وێستگە دیاریكراون كە سەر بە لایەنێكی دیاریكراون".

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو، رونیكردەوە كە نوسینگەی دهۆكی كۆمسیۆن "بێلایەنی خۆی لەدەستداوە" و چەندین جاریش لەلایەن یەكگرتوو ئاگاداركراوەتەوە، بەڵام سوودی نەبووە.

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو، راشیگەیاند "سكاڵایەك لەلایەن یەكگرتوو، گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و یەكێتی لە بادینان لەسەر نوسینگەی دهۆكی كۆمیسۆن لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە بەغدا و نوسینگەی دهۆكی كۆمسیۆن تۆماركراوە، هەروەها سكاڵایەكی تریش لەلایەن كۆمەڵ و یەكگرتوو تۆماركراوە و لەهەردوو سكاڵاكەش زیاتر لە 14 سەرپێچی و پێشێلكاری دیاریكراوە و داواكارین رێككاری یاسایی ئەنجامبدرێت بۆئەوەی ئەو پێشێلكارییانە رابگیرێن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure