هۆشداریی دەدرێتە کاندیدەکان

هەواڵ / کوردستان :: 08/05/2018‌ :: 331‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەردەوامی ھەیە و شارەوانی سلێمانیش کاتی لێکردنەوەی پۆستەر و بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی کاندیدەکان و لایەنە سیاسیەکان دیاریدەکات و دەڵێت "ئەگەر لەو ماوەیەدا لێی نەکەنەوە، غرامەی لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکان دەکرێت".

ڕزگار حەمە حسێن لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاریەکان لەشارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند" لەدوای پرۆسەی دەنگدان شارەوانی سلێمانی کاتی دیاریکردووە بۆ لێکردنەوەی پۆستەرات و ئەو بانگەشانەی لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکان کردویانە".

ڕاشیگەیاند" لەدوای کۆتای ھاتنی پرۆسەی دەنگدان دەبێت دەستبکرێت بە لێکردنەوە و لابردنی پۆستەرات و لافیتەکانی سەر شەقامەکان کە ماوەی ٣٠ ڕۆژیان بۆ دیاریدەکرێت، گەر بێتو لەو ماوەیەدا لێی نەکەنەوە، ئەوا شارەوانی لەڕێگەی تیمەکانی خۆیەوە پاکیان دەکاتەوە، بەڵام غرامەی لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکان دەکرێت".

لەبارەی شێوازی غرامەکردنەوە لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاریەکان لەشارەوانی سلێمانی دەڵێت" ھەموو قەوارەیەکی سیاسی بەشدار لە ھەڵبژاردنەکاندا تەئمیناتی پارەی لای کۆمسێۆنە پاشان ئێمە بڕی تێچوی لاردن و پاکردنەوەکە دەدەینە کۆمسێۆن و بڕی پارەی داواکراویان لێ دەبڕێت".

لەڕۆژانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکان بەوێنە و فلێکس لەشەقامەکان و شوێنەکانی شاردا بانگەشەبۆخۆیان دەکەن کەھەندێکیان پێشێلکاریانکردووە و شوێنی گشتیان بەکارھێناوە بۆ بانگەشە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure