نرخى نه‌وت بۆ سه‌روو 75 دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/05/2018‌ :: 311‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ نرخى نه‌وت به‌رزبونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و له‌ كۆتایی ساڵى 2014 به‌دواوه‌ نه‌گه‌یشتووەته‌ ئه‌و نرخه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى قه‌یرانى دارایی فه‌نزویلا و نزیكبوونه‌ى واده‌ى بڕیارى ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران و دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاى ئابوورى به‌سه‌ر ئێراندا.


كاتژمێر 2:30ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌كاتى هه‌ولێر به‌هاى گرێبه‌سته‌ دواخراوه‌كانى نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 0.89% به‌رزبووه‌وه‌و به‌رمیلێك به‌ 75 دۆلار و 54 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاوى تێكساسیش به‌رێژه‌ى 0.65% به‌رزبووه‌وەو به‌رمیلێك به‌ 70 دۆلار و 36 سه‌نت مامه‌ڵه‌ پێوه‌كرا.

به‌بۆچوونى پسپۆرانى بوارى وزه‌ش گه‌وره‌بوونى قه‌یرانى ئابوورى له‌ فه‌نزویلا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وت، ئه‌گه‌ر زۆره‌ به‌رهه‌م و هه‌نارده‌ى نه‌وت كه‌مببێته‌وه‌ و به‌پێى ئاماره‌كانیش له‌ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوودا به‌رهه‌مى نه‌وتى ئه‌و وڵاته‌ 1.5 ملیۆن به‌رمیل كه‌میكردوه‌.

گریگ مكینا، پسپۆڕ له‌ بازاڕى (ئه‌كسى تریدر) بۆ مامه‌ڵه‌ى گرێبه‌سته‌ دواخراوه‌كانى نه‌وت ده‌ڵێت "رووداوى گه‌وره‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى نه‌وت رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئێرانه‌ و زۆربه‌ى چاودێرانی بازاڕیش پێیانوایه‌ كه‌ دۆناڵد ترمب سه‌رۆكى ئه‌مریكا بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌دات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure