حكومەتی عێراق بەنزین بۆ هەرێم دەنێرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/05/2018‌ :: 2657‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
حكومەتی عێراق بەڕەسمی ئاگاداری هەرێمی كوردستانی كردۆتەوە بەنزین بۆ شارەكان دەنێرێت كە بۆ هەر لیترێك 600 دینار وەردەگرێت، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت "ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێبكرێت نرخی بەنزین هەرزان دەبێت".

 

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئایاری 2017، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەمدێت هەمووی هەناردە دەكرێت بۆئەوەی مووچەی پێدابین بكرێت، بۆیە هیچ بڕە نەوتێك نادرێتە وێستگەكان تاوەكو هاوشێوەی عێراق نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان هەرزان بكرێت، لەبەرئەوەی ئەو بەنزینەی ئێستا بۆ هەر لیترێك بە زیاتر لە 670 دینار دەفرۆشرێت و بازرگانی ئازادە".

 

لەبارەی ناردنی بەنزین بۆ هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، نەوزاد هادی وتی "سەبارەت بەنووسراوەكانی حكومەتی عێراق بۆ ناردنی بەنزین بۆ شارەكانی هەرێم، چاوەڕێی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكەین كە دەبێتە هۆی هەرزانكردنی نرخی بەنزین لە هەرێم".

 

هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 600 هەزار ئۆتۆمبێلی هەیە و رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure