کەشناسی هەرێم پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 07/05/2018‌ :: 44947‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم، هۆشداری به‌ داموده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كانى هه‌ولێر و دهۆك ده‌دات له‌به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاو، به‌رپرسى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسى ده‌ڵێت "له‌ دهۆك و هه‌ولێر مه‌ترسى دورستبوونى لافاو هه‌یه‌".

بژار ئه‌كره‌م، بەرپرسى به‌شى پێشبینییه‌كانى به‌ڕێوەبەرایه‌تی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌هۆى ھەردوو پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سوور، كه‌شوهه‌واى هه‌رێم گۆڕانكارى زۆى به‌خۆیه‌وه‌ بینوه‌ و شەپۆلێكى بارانبارینى به‌هێز و ته‌رزه‌ سه‌ره‌تاى دهۆك و دواتریش هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاو".

وتیشى "پێشبینى ده‌كرێت له‌هه‌ردوو شاره‌كه‌ لافاو دروست ببێت، بۆیه‌ ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كانمان ئاگاداركردوەته‌وه‌ و هۆشداریمانداوه‌".

له‌باره‌ى دروستبوونى لافاو له‌ هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7ی ئایار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بەرگری شارستانی هەولێر رایگه‌یاند كه‌ ئامادەکاری ته‌واویان كردووه‌ بۆ رێگریکردن له‌ دروستبوونى لافاو و تیمەکانیان لە هەولێر لە ئامادەباشییەکی تەواودان و ئامادەن بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاو. 

به‌رگرى شارستانى هه‌ولێر، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ لە هەولێر هەشت بنکەیان هەیە و هەشت تیمی فریاگوزاری لەخۆدەگریت، ئەو تیمانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە کاردان و لە ئامادەباشییەکی تەواودان.

به‌پێى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسى هه‌رێم، كاریگه‌رى ئه‌و شه‌پۆلى بارانبارینه‌ تاكو رۆژى چوارشه‌ممه‌ 9ى ئایارى 2018، به‌رده‌وامده‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure