رێژەی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی لوبنان گەیشتە 49.2 لەسەد

هەواڵ / جیهان :: 07/05/2018‌ :: 152‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
دوێنێ 6ی ئایاری 2018 نهاد مەشنوق، وەزیری ناوخۆی لوبنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی لوبناندا گەیشتوەتە 49.2 لە سەد، ئەمەش دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە دوا هەڵبژاردنە کە 9 ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدرا و رێژەی بەشداری 54 لەسەد بووە. 


لەساڵی 2009 کۆتاهەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان بەڕێوەچوو، بەڵام پەرلەمان بەهۆی کێشەی سیاسی وڵات و کێشەی ئەمنی و کاریگەریی قەیرانەکەی سوریا سێ خول تەمەنی خۆی درێژکردەوە.

کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە کە لەم هەڵبژاردنە نوێیەی لوبناندا یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە و لوبنان دابەشکراوە بەسەر 15 بازنەی هەڵبژاردندا و یاساکە بەڕێژەیی کورسییەکانی دابەشکردوە نەک وەک جاران کە لەسەر بنەمای زۆرینە کورسییەکان دابەشدەکرابن.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ئەم یاسایەوە لە لیستەکاندا چەندین کاندید هەن کە بۆچوون و تێڕوانیان بۆ سیاسەت و دۆخەکانیش جیاوازە بەڵام لەبەر بەرژەوەندییان لە هەڵبژاردنەکاندا چوونەتە یەک لیستەوە ئەمەش نیگەرانی لای دەنگدەری لوبنانی دروستکرد و هۆکاری دابەزینی رێژەی بەشداریش بوو لە هەڵبژاردنەکاندا.
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure