نرخى گۆشتى مریشك زیاتر بەرزدەبێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 06/05/2018‌ :: 5532‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ نرخی گۆشتى مریشک له‌ بازاڕه‌كانى سلێمانى بەرەو به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ و به‌به‌راورد به‌ مانگێك له‌مه‌وبه‌رى نرخه‌كه‌ى به‌رێژه‌ى 100% به‌رزبوه‌ته‌وه‌و نرخى یه‌ك كیلۆ به‌رز بووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌روو 3000 دینار، له‌كاتێكدا مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ 1500 دینار بوو.


بەھادین عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "ھۆکاری گرانبوونی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ زەرەرمەند بوونی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لەماوەی ڕابردوودا کە مریشکیان بەرھەمھێناوەو بەردەوام زەرەریانکردووە، من خۆم خاوەنی چوار ھۆڵی مریشکم، ماوەی پێنج مانگە مریشکم بەرھەمنەھێناوە".

راشیگه‌یاند "ھۆکارێکی دیكه‌ى گرانبوونى مریشك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئەوەی مریشکە وردەکان دەڕوات بۆ شاره‌كانى عێراق".

رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ "پێویستە حکومەت بەھانای کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە بێت و ھاوکارییان بکەن لەڕووی ڕێکخستنی بەرھەمھێنانی پەلەوەر و چۆنێتی پێدانی مۆڵەت، چونکە کێڵگە پەلەوەرییەکان بەخواستی خۆیان پەلەوەر بەرھەمدەھێنن، نەک بە بەرنامە بێت".

هاوكات سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "ھۆکاری بەرز بوونەوەی نرخی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ پڕنەکردنەوەی ھۆڵی کێڵگەکان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە کە بەهانەیان ئەوەیە بەردەوام ئەم ماوەیە تووشی زەرەر بوون و زیانیان پێگەشتووە، گرانی عەلەفیش ھۆکارێکی ترە، بۆیە ئێمە لەگەڵیان کۆبونەوەمان ئەنجامداوەو ھەر ھۆڵێکی مریشک زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دیناریان زیان پێگەشتووە".

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی راشیگەیاند "ھۆڵەکانی بەرھەمھێنان پێویستە پلانیان ھەبێت بۆ بەرھەمھێنانی مریشک، نەک ھەموویان لەیەک کاتدا بەرھەم بخه‌نە بازاڕه‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە ھاوردەکردنی مریشکی بەستومان وه‌ستابوو کە لەگەڵ بەرھەمی ناوخۆییدا پڕمانکردووەتەوە".

لەسنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٧٠٠ کێڵگەی پەلەوەری مۆڵەت پێدراو ھەیە، ٥٠٠ کێڵگەش بەبێ مۆڵەت پەلەوەر بەرھەمدەھێنن.

گرانبوونى نرخى گۆشى مریشك نیگه‌رانى دروستكردووه‌، هاووڵاتییه‌كیش ده‌ڵێت "پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ قه‌یرانى داراییدا رێگرى له‌ گرابنوونى نرخى مریشك بكات".

ستار کەرەم هاوڵاتییەکی ته‌مه‌ن ٤٨ ساڵە کە پیشەی فه‌رمانبه‌رە به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "یه‌ك مانگه‌ حكومه‌ت ده‌ستكارى مووچه‌ى كردووه‌، به‌دوایدا نرخى گۆشتی مریشک گرانبوو، پێویسته‌ چاودێرى بازرگانى سلێمانى به‌وردى چاودێرى بازاڕ بكات و نه‌هێڵێت چاككردنى مووچه‌ بكرێته‌ پاساو بۆ گرانكردنى نرخ".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure