لەدوای هەڵبژاردن سێ حزبی کوردی فراكسیۆنێكى هاوبه‌ش پێكده‌هێنن

هەواڵ / کوردستان :: 06/05/2018‌ :: 19813‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و داده‌په‌روه‌رى رێككه‌وتوون له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق یه‌ك فراكسیۆن دروستبكه‌ن، ئه‌گه‌ریشى زۆره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى هه‌رێمدا به‌ یه‌ك لیست دابه‌زن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و قه‌واره‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌وڵى پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى هاوبه‌شن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى  هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ڵام به‌هۆى جیاوازى بۆچوونه‌كانی نێوانیان تاوه‌كو ئێستا ئه‌و هێزانه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكى كۆتایى له‌وباره‌یه‌وه‌. 

وابڕیاریشه‌ راسته‌وخۆ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌یه‌كه‌وە فراكسیۆنه‌كى هاوبه‌ش له‌ به‌غدا پێكبهێنن، به‌ڵام واده‌ى ڕاگه‌یاندنى فراكسیۆنه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌هۆى ئه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ پێیانباشبووه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئایار نه‌بێت و دوابخرێت، بۆ ئه‌وه‌ى قه‌باره‌ى هێزه‌كان به‌ته‌واوى ڕوونببێته‌وه‌.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى، له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2017، رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنێكى كارى هاوبه‌شیان ئیمزاكردووه‌، به‌پێى ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رسێ حزبه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هاوكارده‌بن و كارده‌كه‌ن بۆ دروستكردنى ئیئتیلافى فراكسیۆنه‌كان، یان یه‌ك فراكسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانى عێراق و كوردستان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان.

به‌پێى رێككه‌وتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى نێوان هه‌رسێ لایه‌ن كه‌سایه‌تى سه‌ربه‌خۆ و لایه‌نی دیكه‌ بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌، به‌پێى زانیارییه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تى سیاسى و ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و مامۆستاى ئاینى له‌ چوار پارێزگاكه‌ى هه‌رێم رازیبوون بێنه‌ ناو هاوپه‌يمانیه‌ته‌كه‌، به‌مه‌رجێ هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنى عێراق ببنه‌ یه‌ك فراكسیۆن و له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا به‌یه‌ك لیست دابه‌زن.

سه‌لیم كۆیى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "رێككه‌وتن كراوه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر كات و شوێن به‌ ڕه‌سمى ڕاگه‌یاندنى ئه‌و به‌ره‌یه‌ ماوه‌، ره‌نگه‌ كاتى ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ى بكه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردن به‌هۆى كۆمه‌ڵێك بارودۆخ".

له‌باره‌ى ئامانجى به‌ره‌كه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ئامانجى دروستكردنى ئه‌و به‌ره‌یه‌ باشتركردنى  بارودۆخى ژیانى هاووڵاتیانه‌ و ده‌یانه‌وێ باڵانسى هێز به‌ شێوه‌یه‌كى دیكه‌ ببه‌ن و به‌ به‌رنامه‌یه‌كى دیكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ن و چیتر رێگه‌نه‌ده‌ن هه‌موو شتێك له‌ لایه‌ن دووحزبى ده‌سه‌ڵات كۆنتڕۆڵبكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure