عه‌بادى هەڕەشە لە حزبه‌ كوردییه‌كان دەکات

هەواڵ / عێراق :: 05/05/2018‌ :: 4345‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
تۆڕى هه‌واڵى عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئاشكراى كردووه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌ڵێنیداوه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ حزبه‌ كوردییه‌كات بكات، ئه‌گه‌ر كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناچار بكه‌ن، به‌ ده‌نگدان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كى دیاریكراو.


ئه‌و تۆڕه‌ عێراقییه‌ له‌ زمانى سه‌عد حه‌دیسى، وته‌بێژى نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانى حه‌یده‌ر عه‌بادیی بڵاوی كردۆته‌وه‌، كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى به‌ڵێنى سزادانى ئه‌و حزبانه‌ى داوه‌ كه‌ كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ناچارده‌كه‌ن و ده‌یانترسێنن به‌ ده‌نگدان به‌ ئاراسته‌یه‌كى دیاریكراو.

حه‌دیسى وتوویه‌تى "هه‌واڵێكى زۆر ده‌بیسترێن سه‌باره‌ت به‌و فشارانه‌ى كه‌ كارمه‌ندانى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌، له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵات و ترساندنیان به‌ سزاى وه‌ك گواستنه‌وه‌ و ده‌ركردن، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى ناچاریان بكه‌ن، ده‌نگ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كى دیاریكراو بده‌ن".

حه‌دیسى جه‌ختیكردووەته‌وه‌، ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌گه‌ر راست بێت، ئه‌وا سه‌رپێچییه‌كى ترسناكى یاساییه‌، ئه‌وانه‌ى ئه‌نجامى بده‌ن رووبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌ى یاسایى ده‌بنه‌وه‌، ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت ئه‌ركیان به‌ گه‌ره‌نتیكردنى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد و رێزگرتنى ئازادییه‌كان و نهێنى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌.

ده‌ڵێت "داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین، گوێ به‌و جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌ده‌ن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌بین و پاڵپشتییان ده‌كه‌ین له‌ ده‌سته‌به‌ركردنى مافى هه‌ڵبژاردنى خۆیان به‌ته‌واوى ئازادییه‌وه‌، به‌پێى باوه‌ڕى خۆیان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure