"هه‌رێم له‌فرۆشتنى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 65%ی پارەکەی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌"

هەواڵ / ئابوری :: 05/05/2018‌ :: 273‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئاشكرایده‌كات، هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت كه‌  ده‌یفرۆشێت له‌ 35%ی داهاته‌كه‌ى ده‌داته‌ كۆمپانیاكانى نه‌وت و كرێى گواستنه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌فرۆشتنی به‌رمیلێك نه‌وت ته‌نها 65%ی پاره‌ی‌ ئه‌و به‌رمیله‌ی‌ بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وتدا پێشه‌كییه‌كى هه‌ڵه‌ی‌ داڕشتوه‌‌ و ئه‌نجامی‌ هه‌ڵه‌شی داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌".

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌و 300 هه‌زار به‌رمیله‌ى نه‌وتی‌ رۆژانه‌ی هه‌رێم ده‌یفرۆشێت ته‌واوی‌ پاره‌كه‌ی‌ نایه‌ته‌وه‌ ده‌ست خۆی‌‌ و كۆمه‌ڵێك ئیلتیزامی‌ له‌سه‌ره‌ كه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت وه‌ك عێراق بێت، نرخی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ هه‌رێم ده‌یفرۆشێت به‌راورد به‌عێراق كه‌متره‌.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، له‌ بودجه‌ى عێراقدا له‌ بڕى 90 ترلیۆن دینار له‌ داهاته‌كانى نه‌وت 10 بۆ 13 ترلیۆن دینارى بۆ پاره‌ى حه‌قده‌ستى كۆمپانیا و گواستنه‌وه‌ى نه‌وت ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان له‌و داهاته‌ى ده‌ستیده‌كه‌وێت له‌ 35%ی بۆ كۆمپانیاكان و كرێى گواستنه‌وه‌ ده‌چێت.

وتیشى "به‌پێى داتاكانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌و 600 ملیۆن دۆلاره‌ى هه‌رێم مانگانه‌ له‌ بڕى فرۆشتنى نه‌وت ده‌ستیده‌كه‌وێت 380 ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ بۆ كۆمپانیاكان و كرێى گواستنه‌وه‌یه‌ و به‌شه‌كه‌ى تریش ده‌درێته‌وه‌ قه‌رزى توركیا كه‌ مانگانه‌ 25 ملیۆن دۆلاره‌".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئاشكراشیكرد، له‌هه‌رێمی‌ كوردستان گرێبه‌سته‌كان هاوبه‌شن، بۆیه‌ش له‌هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت ته‌نها 65%ی پاره‌ی‌ ئه‌و به‌رمیله‌ی‌ بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ و جگه‌له‌وه‌ش  هه‌موو به‌رمیلێك نه‌وتی‌ هه‌رێم تیچووى زیاتره‌ له‌ نه‌وتى عێراق.

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌گشتی‌ عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 7 دۆلار كه‌متر له‌برێنت ده‌یفرۆشێت‌، به‌ڵام هه‌رێمی‌ كوردستان نرخی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ كه‌متر له‌ 10 دۆلار له‌نه‌وتی‌ برێنت ده‌فرۆشێت‌ و تاده‌گاته‌ به‌نده‌ری‌ جه‌یهان تێچوی‌ زیاتره‌، نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆربه‌ی قورسه‌ زیاتر ئه‌وه‌ هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، نه‌وته‌ سوكه‌كه‌ى ده‌درێت به‌كۆمپانیاكان بۆ بواری‌ پاڵاوتن، یان ده‌درێت به‌حسابی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت له‌جیاتی ‌تێچووى به‌رهه‌مهێنان.

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات، عێراق یه‌ده‌گى نه‌قدی‌ سه‌ر‌وو 50 ملیار دۆلار‌ه‌ و یه‌ده‌گى ئاڵتونی‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ر‌وو 800 ته‌نه‌ و عێراق خاوه‌نی‌ سەروەرییە و قه‌رزی‌ ده‌درێتێ، به‌ڵام هه‌رێم هچ كام له‌وانه‌ى نییه‌.

ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، عێراق توانای‌ له‌ڕاده‌به‌ری‌ هه‌یه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وتدا ده‌توانێت پێش هه‌نارده‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ پاره‌ وه‌ربگرێت كه‌ له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ چین‌ و هندستاندا رێككه‌وتنی‌ هه‌یه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ر پاره‌ و قه‌رز یان مینحه‌ و یارمه‌تییه‌ك به‌ قه‌رز یان به‌نه‌قد یان به‌شێوه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆژه‌ بدرێت به‌ عێراق، ئه‌گه‌ر بۆ پاڵپشتى بودجه‌ی‌ عێراق بێت هه‌رێم تێیدا هاوبه‌شه‌، به‌ڵام مه‌رج هه‌یه‌ له‌شه‌راكه‌ته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ستی‌ به‌غدا بكات كه‌ ڕاده‌ستی‌ ناكات هه‌رێم بێ به‌ش  ده‌بێت له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق‌ و مافی‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی‌ نییه‌.

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، به‌غدا ناهێڵێت هه‌رێم سودمه‌ندبێت له‌و قه‌رزانه‌، چونكه‌ هه‌رێم وامامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تی‌ فیدڕاڵه‌‌ و عێراق هه‌رێمێكه‌.

ناوبراو، وتیشى "هه‌رێم ناتوانێت پاره‌ی‌ یه‌ده‌گی‌ عێراق وه‌ربگرێت، ئه‌و مافه‌شی‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ عێراق رێكبكه‌ون قه‌رزه‌كه‌ بداته‌ بانكێك‌ و بانكه‌كه‌ بیده‌نه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رێم پاره‌ی‌ هه‌موو بانكه‌كانی‌ به‌كارهێناوه‌‌ و هیچیان تێدا نه‌هێشتوه‌، نزیكه‌ی‌ شه‌ش ترلیۆن دینار له‌ 42 بانكدا بووه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌مووی‌ بردووه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure