پزیشکێکی بەناوبانگی سلێمانی باری تەندروستی تێکدەچێت

هەواڵ / کوردستان :: 05/05/2018‌ :: 15355‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رۆژی هەینی 4ی ئایار، ئەنوەر شێخە پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە رایگەیاند، نەخۆشی خوێنبەربوونی ژێر پەردەی مێشکی هەیە و ئەمڕۆ شەممە لەنەخۆشخانەی فاروق نەشتەرگەرییەک ئەنجامدەدات.

لە پۆستێکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە دەڵێت "لە ژیانمدا بەدوو بەدبەختی گەورەدا تێپەڕبووم، ئەوانیش جیابوونەوەو لەدەستدانی هاوبەشی ژیانم بوو، نەمتوانی بەرگەی هەردووکیان بگرم و لەبەر ئەوە دەستمکرد بە خواردنی حەپی سیراتین بۆ دەربازبوون لە خەمۆکی، ئەوەش یارمەتیدام بەڵام باجی هەبوو".

دەشڵێت "بەهۆی سیراتین خەوی سەیرم دەبینی و بەدەم خەوەوە دەڕۆیشتم و دەکەوتم، یەکێک لەو کەوتنانە زۆر بەهێزبوو و بەهۆیەوە سەرم توشی خوێنبەربوونی ناوەکیبوو".

ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی یەکێک لە وانە وتنەوەکانیدا کاریگەرییەکان لەسەری دەرکەوتووەو دوای راوێژ لەگەڵ هاوکارەکانی لەنەخۆشخانە، ئەشیعەی تەنوری ئەنجامداوەو دەرکەوتووە خوێنبەربوونی ژێر پەردەی مێشکی هەیە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە ئەوەشی خستووەتەڕوو "گومانم نییە لەوەی کەوتنەکەم یارمەتیدەر بووە بۆ پەرەسەندنی نەخۆشییەکەم و بەداخەوە لەسەرەتاوە هەستم بە مەترسییە راستەقینەکە نەکرد و ئێستا پێویستە نەشتەرگرییەکە ئەنجامبدەم".

لەبارەی ئەوەی ئایا دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، دەڵێت "هەرچەندە حەزم دەکرد بگەڕێمەوە بۆ ئەمریکا و لەگەڵ منداڵەکانم بم لەکاتی نەشتەرگەرییەکە، بەڵام ناتوانم و سبەی لەنەخۆشخانەی فاروق جارێکیتر ئەشیعەی تەنوری ئەنجامدەدەم و دواتر نەشتەرگەریم بۆ دەکرێت".

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure