ترەمپ پشتگیری چەکهەڵگرتن دەکات

هەواڵ / جیهان :: 05/05/2018‌ :: 130‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
دوێنێ 4ی ئایاری 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر لە هێرشەکانی 13ی تشرینی دووەمی 2015دا لە پاریس هاووڵاتیان چەکیان پێبوایە ئەوا کەمترین کەس گیانیان لەدەستدەدا.


وتەکانی ترەمپ لە کۆنگرەی کۆمەڵەی نیشتمانی چەکە ئاگرینەکاندا پێشکەشیکرد و وتی "لە پاریس کەس چەکی پێنییە، بۆیە بینیمان 130 کەس کوژران لەلایەن گروپێکی تیرۆرستی بچوکەوە کە چەکیان پێبوو، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییەک یان کارمەندێک چەکی پێبوایە و رووی بکردایەتە تیرۆرستەکان ئەوا رایان کردبوو و چیرۆکەکەش جیاواز دەبوو".

لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا فرەنسا خراپترین هێرشی تیرۆرستی بینی لەمێژوودا کاتێک ژمارەیەک خۆکوژ لە چەند ناوچەیەکی جیاواز هێرشیانکرد و 130 کەسیان کوشت و 350 کەسیشیان بریندارکردو داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتە ئەستۆی خۆی.

ترەمپ جەختیکردەوە کە پشتیوانی دەکات لە مافی ئەمریکییەکان بۆ هەڵگرتنی چەک، ئەمەش لەکاتێکدایە گفتوگۆکان چڕکراونەتەوە بۆ زیادکردنی کۆت و بەند لەبەردەم ئەو کەسانەی کە چەک هەڵدەگرن.

زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەس لە 24ی ئازاری ئەمساڵدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد کە یاسای هەڵگرتنی چەک قورس بکرێت، ئەوەش دوای هێرشی تەقەکردنەکەی فلۆریدا هات. 

ساڵانە چەندجارێک تەقەکردن لەناو خوێندنگەکانی ئەمریکادا روودەدەن و تەنیا لەمساڵدا 18 حاڵەتی تەقەکردن روویانداوە، لە مانگی شوباتدا ترەمپ پەیمانیدا کە رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشینەی تاوانیان هەیە و باری دەروونیان جێگیر نییە و هەر کەسێکیش ویستی چەک بکڕێت دەبێت رێوشوێنەکان بەرامبەری توند بکرێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure