سماقوڵی دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی

هەواڵ / ئابوری :: 04/05/2018‌ :: 741‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
دروستکردنی بەنداوی سماقوڵی و پڕبوونی لەئاو بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ ھاووڵاتیان و گەشتیاران، رۆژانه‌ به‌سه‌دان كه‌س رووى تێده‌كه‌ن.

لەئێستادا ھاووڵاتیان لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ھەولێر و ڕانیە، ده‌چن بۆ ناوچەی سماقوڵی کە لە ئێستادا بەنداوەکە پڕبووە لەئاو، ھاووڵاتیان دەوەستن و وێنەدەگرن و پشویەکی کورت لەوێ بەڕێدەکەن.

بەختیار عومەر، گەنجێکە لەگەڵ باوکیدا کاردەکات و لەسەر ئاوەکە جێگەیەکیان ئامادەکردوە کەپرێکیان دروستکردووە و کورسی و مێزیان داناوە بۆ ئەو گەشتیارانەی ڕوو دەکەنە لایان، ئەو بەدواڕۆژی وت "لەدواى پڕبونی بەنداوەکە ناوچەکەمان بوەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و گەشتیاری، بەردەوام خەڵک سەردانمان دەکەن، بەتایبەت گەشتیاران کاتێک بە ئێرەدا دەڕۆن دەوەستن بۆ ماوەیەک لای ئێمە دادەنیشن و چا ئەخۆنەوە و ھەندێکجار سواری بەلەمیش دەبن".

توانا زاھیر، لای چایخانەکەی بەختیار چای دەخواردەوە ئەو دەڵێت "ئێمە لەھەولێر گەڕاینەوە جوانی ناوچەکە و زۆری ئاوەکە وایکرد بوەستین و بۆماوەیەک چەند وێنەیەک بگرین و چا بخۆینەوە و پاشان بڕۆین".

بەنداوی سماقوڵی لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەشێوەیەکی زۆر پڕبوو لەئاو، لەئێستادا ئاوی زۆری تیادا گلدراوەتەوە و ئۆتۆمبێل بەسەر بەنداوەکەدا دەڕوات، بەڵام خراپی ڕێگەکە شۆفێرانی نیگەرانکردووە.

دابان نەجمەدین کە لە شاری ھەولێر دەگەڕایەوە، لەبارەی ڕێگەوبانی سەر بەنداوەکە دەڵێت "بەڕاستی زۆرم لاسەیرە ئەم حکومەتە بۆ وا کەمتەرخەمە لەبەرامبەر چاكکردنی شەقامی ئەم بەنداوە کە ڕۆژانە بە ھەزارەھا ئۆتۆمبێل ھاتوچۆى پێدا دەکات بۆ شارەکانی ھەولێر و دھۆک و چەند ناوچەیەکی تر، بەڵام ئەم ڕێگەیە ھەتا بڵێی خراپە زۆر بێزارکەرە لەئێستادا ئەو ھەموو خەڵکە سەردانی ئێرە دەکەن کەچی حکومەت شەقامەکە چاکناکات".

دۆڵی سماقوڵی له‌ رووی ئیداریه‌وه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای کۆیه‌یه‌، ده‌که‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر که‌ له‌سه‌ر رێگەی گشتی هه‌ولێر/ کۆیه‌یه‌ له‌ ده‌روازه‌ی ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە