قه‌یرانى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران نرخى نه‌وت داده‌به‌زێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 04/05/2018‌ :: 459‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
نرخه‌كانى نه‌وت ئه‌مڕۆ هه‌ینى 4ی ئایاری 2018 دابه‌زینێكى كه‌مى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و مامه‌ڵه‌ى كرین و فرۆشتنیشى سنورداربوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆى قه‌یرانى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌کەى ئێران و ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى بڕیاردانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌.


كاتژمێر 1:30ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌ كاتى هه‌ولێر نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 0.24% دابه‌زى، به‌رمیلێك به‌ 73 دۆلار و 44 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكساسیش به‌رێژه‌ى 0.14% دابه‌زى و به‌رمیلێك به‌ 68 دۆلار و 38 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.

بازاڕه‌كانى نه‌وت كاریگه‌ره‌ به‌ زیادبوونى گرژییه‌كانى نێوان تاران و واشنتن و ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، له‌ 12ى ئایاردا.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانیش دوێنێ رایگه‌یاند "ئێران دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ دەکات کە ساڵى 2015 له‌سه‌ری رێككه‌وتین، دواكارییه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ گۆڕانكارى له‌ هه‌ندێك له‌ به‌نده‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌ مایه‌ى قبوڵ نیه‌".

ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، به‌شێك له‌سه‌رانى ئه‌وروپا له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان دۆتاڵد تره‌مپ رازى بكه‌ن له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كشێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure