بەغدا رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕە پارەیەک دەربڕی

هەواڵ / ئابوری :: 03/05/2018‌ :: 7888‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتی رایدەگەیەنێت، دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆی زۆر لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دوای زیاتر لە 25 ساڵ، بەغدا رەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی پارەی دەستەبەری 200 کرێکاری هەرێمی کوردستان.

عارف حیتۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "بەغدا سەرەتا رازی نەبوو پارەی ئەو کرێکارانە کە دەستەبەرە و مافی خۆیانە، بدات داوای دەکرد خۆیان سەردانی بەغدا بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن، بەڵام دوای گفتوگۆی زۆر و روونکردنەوەی دۆخی دارایی هەرێم و کرێکاران، بەغدا رەزامەندی خه‌رجکردنی پارەکەی دەرکرد".

وتیشی "بڕی پارەکە 505 ملیۆن دینارە بۆ زیاتر لە 200 كرێكاری هەرێمی کوردستان وەک وەجبەی یەکەم، پارەکە هی پێش ساڵی 1991ە کە ئەو کرێکارانە ئەوکاتە له ‌سندوقی گشتی ده‌سته‌به‌ری عێراق خۆیان ده‌سته‌به‌ر كردبوو پارەکەیان وەر نەگرتبوو، وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی ناردۆتە بانکێکی حکومی لە شاری کەرکوک".

به‌رێوه‌به‌ری گشتی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لیژنەیەکمان پێکهێناوە تا سەردانی کەرکوک بکەن بۆ ئەوەی پارەکە وەربگرن و بیهێننەوە هەرێمی کوردستان، وەک وەجبەی یەکەم بیدەین بەو کرێکارانە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure