سه‌عدی پیره‌ داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى ئه‌و ژنه‌ كاندیدانه‌ ده‌كات كه‌ سوکایەتیان پێکراوە

هەواڵ / کوردستان :: 03/05/2018‌ :: 688‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت ھەندێ لایەنی سیاسی بۆ رکابەریی یەکتر دەستیان بۆ لێدان لە کەسایەتی کاندیدە ژنەکان بردووە، ده‌ڵێت "داوا لەژنان دەكه‌ین کۆڵنەدەن و ئەو جۆرە کارانە نەبنە بەربەستی خەباتە رەواکەیان".


سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی بە دواڕۆژی راگەیاند "لەگەڵ ئومێدی زۆرمان بۆ بەشداری زیاتر و کاریگەرتری ژنان، بەداخەوە دوور لە ھەموو عورف و دابونەریتێکی کۆمەڵایەتی و کلتوری کۆمەڵگەی کوردی و عێراقیش، ھەندێ لایەنی سیاسی بۆ لێدانی یەکتر و دەنگەکانی رکابەرەکانیان، کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی چەند ژنە کاندیدێكی ناو لیستەکان".

پیرە روونیکردەوە "ئەو جۆرە رەفتارانە لە رووی یاساییشەوە لەگەڵ پرنسیپەکانی یاسای ھەڵبژاردندا تەواو ناکۆک و ناتەبایە، زەنگێکی مەترسیداریشە بۆ پاشەکشەکردنی ژن لە کایەی سیاسیدا، ئەوەش بەرنامەرێژی بۆ کراوەو کۆمەڵێک عەقڵی چەقبەستووی ناو کۆمەڵگە کاری لەسەر دەکەن".

سەعدی پیرە دەڵێت "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جگە لە ئیدانەکردنی ئەو رەفتارە ناشارستانی و قێزەون و نامرۆڤانە، داوا لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و حکومەت دەکات لێپێچینەوەی تەواو لەو مەسەلەیە بکات و سزای توندی ئەو لایەنانە بدات کە لە پشت ئەو کارە نەشیاوانەوەن".

لە کۆتاییدا وتەبێژەكەی یەكێتی داوا لە ژنان دەكات "کۆڵنەدەن و درێژە بە خەباتی سیاسی خۆیان بدەن و ئەو جۆرە کارانە نەبنە بەربەستی خەباتە رەواکەیان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure