ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى:
قوربانیانى رۆژنامه‌نوس له‌ عێراق زۆرترینه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/05/2018‌ :: 284‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ
عێراق زۆرترین رێژه‌ى تۆماركرده‌وه‌ له‌ ژماره‌ى شه‌هید و قوربانیانى رۆژنامه‌نوس له‌نێو وڵاتانى جیهان له‌ سێ ده‌یه‌ى رابردوودا.


سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌ى شه‌هیدانى رۆژنامه‌نوس له‌ عێراق له‌ ساڵى 2003ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 470 شه‌هید، كه‌ ده‌كاته‌ 18.8%ى كۆى قوربانیانى رۆژنامه‌نوسى له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌ ساڵى 1990ه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 2500.

له‌ ساڵى 1990ه‌وه‌ 2500 رۆژنامه‌نوس له‌ جیهاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌گه‌ڵ یادكردنى رۆژى ئازادى رۆژنامه‌گه‌ریش كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3ى ئایار، رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانى بوارى راگه‌یاندن هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌باره‌ى به‌ ئامانجگرتنى زیاترى رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ر كاره‌كانیان.

رۆژى دووشه‌ممه‌ 30ى نیسان، خوێناویترین رۆژ بوو سه‌باره‌ت به‌ رۆژنامه‌نوسان كه‌ تیایدا 10 رۆژنامه‌نوس له‌ دوو ته‌قینه‌وه‌ى جیادا له‌ ئه‌فغانستان گیانیان له‌ده‌ستدا.

به‌پێى یه‌كێتى رۆژنامه‌نوسانى جیهان ژماره‌ى رۆژنامه‌نوسانى كوژراو له‌مساڵدا گه‌یشتووه‌ته‌ 32 كه‌س.

رۆبه‌رت ماهۆنى، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى لیژنه‌ى پاراستنى رۆژنامه‌نوسان ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سوریا و عێراق، رۆژنامه‌نوسان رووبه‌ڕووى هێرش بونه‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌بوارى رۆژنامه‌گه‌ریدا كارده‌كه‌ن. وتیشى، "ئه‌وان له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى چه‌كدارى نه‌كوژران، به‌ڵكو به‌ ئه‌نقه‌ست به‌ ئامانج كران".

ماهۆنى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، شه‌ش ساڵى رابردوو كاتێكى زۆر مه‌ترسیداربوون بۆ كه‌سێك كه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوس كارى كردبێت.

جگه‌ له‌ كوشتن سزاى زیندانیكردن یه‌كێكى تره‌ له‌و به‌ربه‌ستانه‌ى رووبه‌ڕووى رۆژنامه‌نوسان ده‌بێته‌وه‌، به‌جۆرێك له‌ ساڵى 2017 زۆرترین رۆژنامه‌نوس به‌ به‌راورد به‌ 30 ساڵى رابردوو خرانه‌ زیندانه‌كانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 262 رۆژنامه‌نوسه‌، به‌پێى لیژنه‌ى پاراستنى رۆژنامه‌نوسان.

زۆرترین ده‌ستگیركراوانیش له‌ توركیا 73 و چین 41 و میسر 20 رۆژنامه‌نوس بوون.

هه‌ر تایبه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌ سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایده‌گه‌یه‌نێت، لە سەرەتای ساڵی 2018 تا كۆتایی نیسانی ئەمساڵ 139 پێشێلكاری بەرامبەر بە 74 رۆژنامەنوس و ئەنجامدراوە.

به‌پێى میترۆ پێشێلكارییه‌كان بریتن له‌، دەسبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا 16 حاڵەت، رێگری لە روماڵكردن 64، لێدان و ئەشكەنجەدان 14، هەڕەشە 6، داخستنی كەناڵ 1، سوكایەتی 14 و زەوتكردن و شكاندنی كەلوپەلی میدیاكاران 24 حاڵەت".

هاوكات سه‌نته‌ره‌كه‌ لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كاربكات بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی كاری رۆژنامەنوسی تا میدیا رۆڵی خۆی لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ببینێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure