ئێران به‌ پێدانی 6 میلیار دۆلار به‌ قوربانیانی 11ی سێپتەمبه‌ر سزاده‌درێت

هەواڵ / جیهان :: 03/05/2018‌ :: 202‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دادگاى فیدراڵى ئه‌مریكا له‌ نیویۆرك دوێنى چوارشه‌ممه‌ بڕیاریدا، كه‌ پێویسته‌ ئێران 6 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو بداته‌ 1000 كه‌س له‌ كه‌سوكارى قوربانیانى 11ى سێپتێمبه‌رى ساڵى 2001.


تۆڕى هه‌واڵى "ABC News" ئه‌مریكى بڵاویكردۆته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ى جۆرج دانیلز، ئه‌و دادوه‌ره‌ى بڕیاره‌كه‌ى ده‌ركردووه‌، به‌رپرسیارى كوشتنى 1008 كه‌س ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى ده‌وڵه‌تى ئێران و سوپاى پاسداران و بانكى ناوه‌ندى ئێران، بڕیاره‌كه‌ش له‌سه‌ر سكاڵاى كه‌سوكارى قوربانیان دراوه‌، كه‌ دژى ئێران تۆماركراوه‌.

ئه‌و دادوه‌ره‌ به‌پێى خشته‌یه‌ ئه‌و قه‌ربووانه‌ى دیاریكردووه‌، 12،5 ملیۆن دۆلار بۆ هاوسه‌ر، هه‌روه‌ها 8،5 ملیۆن دۆلار بۆ باوك و دایك، 8،5 بۆ هه‌ر مناڵێك، 4،25 بۆ هه‌ر برایه‌ك، هه‌روه‌ك ئه‌و دادوه‌ره‌ ده‌رگاى به‌رامبه‌ر داواكارانى ترى كه‌سوكارى قوربانیان بۆ قه‌ره‌بوو به‌ كراوه‌یى هێشتۆته‌وه‌.

 "ABC News" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌، كه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵى 2004 به‌رزكراوته‌وه‌، دواتر له‌ ساڵى 2016 رێگه‌دراوه‌ پێداچوونه‌وه‌ى پێدابكرێت، دواى ئه‌وه‌ى كۆنگرێس یاسایه‌كى ده‌ركرد، دژى ئه‌وانه‌ى پاڵپشتى تیرۆر ده‌كه‌ن، ئه‌و یاسایه‌ ده‌ڵێت، ئێران یارمه‌تى ئه‌وانه‌ى داوه‌ كه‌ فڕۆكه‌ رفێنراوه‌كانیان بردووه‌، بۆئه‌وه‌ى هێرشه‌كه‌ى 11ى سێپتێمبه‌رى پێئه‌نجامبده‌ن، راهێنانى پێكردوون و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێران پاڵپشتى راسته‌خۆى ئه‌نجامده‌رانى هێرشه‌كه‌ى كردبێت.

ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئه‌مریكییه‌ له‌ زارى رۆبه‌رت هایفلى پارێزه‌رى كه‌یسى كه‌سوكارى قوربانییه‌كان‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، دادگاى فیدراڵى له‌ نیویۆرك له‌ دانیشتنێكى تایبه‌ت به‌ 11ى سێپتێمبه‌ردا كوێبیستى شایه‌دحاڵه‌كان بووه‌، ئه‌و به‌ڵگانه‌ى پێشكه‌شكراون ئه‌وه‌یان سه‌لماندوه‌ كه‌ ئێران یارمه‌تى دارایى پێشكه‌ش به‌ رێكخراوى قاعیدە كردووه‌، ئه‌وه‌ش هۆكار بووه‌، بۆ هێرشه‌كانى 11ى سێپتێمبه‌ر و ئه‌و زیانانه‌ى لێیكه‌وتۆته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure