بڕیارێكی نوێ بۆ هاوردەكردنی ئوتومبێل لەمەرزەكانی هەرێم دەدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 02/05/2018‌ :: 1051‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەپێی بڕیارێكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای ئەم مانگەوە لەتەواوی مەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان، پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلی هاوردەكراو دەكرێت و هەر ئۆتۆمبێلێكیش لە پشكنین دەرنەچێت، ڕێگەی پێ نادرێت بێتە ناو هەرێمی كوردستان.


له‌ راگەیاندراوێكی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتە دواڕۆژ، هاتووە "بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەوە (ئایار) پشكنینی كۆمپیوتەری بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكرێت كە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەتایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە سیستەم كراون یاخود ئێرباگیان تەقیوە ( واتە پێشتر بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێلەكە ) كەوتووە، بەڵام جارێكی تر دوای چاككردنەوەیان هاوردە دەكرێن و دەفرۆشرێنەوە".

هاوكات ئاماژە بەوەشدراوە، هەر ئۆتۆمبێلێك لەو پشكنینە دەرنەچێت دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی كه‌ لێوه‌ى هاوردە كراوە.

هەر لە راگەیاندراوەكەدا، داوا لە بازرگانانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلیش كراوە پێویستە پابەندی یاسا و ڕێنماییەكان بن بۆ ئەوەی تووشی گرفت نەبن و زیانی ماددیان بەرنەكەوێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure