نێچیرڤان بارزانی: هەرێم و ئێران ناوچەی بازاڕی ئازاد دروستدەكەن

هەواڵ / ئابوری :: 02/05/2018‌ :: 492‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت "هەرێم و ئێران پەیوەندی هاوبەشیان هەیە و ناوچەیەكی بازاڕی ئازادی دروستدەكەین و لە ئێستاشدا 359 كۆمپانیای ئێران لە هەرێم بوونیان هەیە".


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2ی ئایاری 2018 لەمیانەی بەڕێوەچوونی چوارەمین كۆنفڕانسی ئابووری لە ژێر ناوی  (پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان-عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران) وتی "بایەخی زۆر بە پەیوەندی بازرگانی هەرێم و ئێران دەدەین و هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا".

وتیشى، 359 كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێم لقیان هەیە و هەروەها شەش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێرانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، 135 كارگەی ئێران لە هەرێم بوونیان هەیە و سێ مەرزی سەرەكی هەیە و لەگەڵ پێنج مەرزی لاوەكی هەوڵدەدەین ئەوانیش بكرێنە رەسمی.

وتیشی "ناوچەیەكی ئازادی بازاڕ لە پەروێزخان دەكەینەوە لە نێوان ئێران و هەرێم و هەموو هەوڵێك بۆ باشتركردنی پەیوەندییەکانمان دەدەین، ئێران لە شەڕی داعش هاوكاری كردین و جێگەی رێزە، لە مێژەوە پەیوەندی باشمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەبوە و بەردەوامیشی پێدەدەین".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی "پەیوەندییەكان بەرەو پێشچوون هەیە، رێكخستنەوەی پەیوەندیەكان لە بواری بازرگانی لەسەر بنەمای دەستور لە نێوان هەولێر و بەغدا كاریگەری زۆر هەیە و لە ئێستادا بەرەو باشتر دەچێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure