دواڕۆژ هۆکاری سەردانی شاندە باڵاکەی ئێران بۆ هەولێر ئاشکرادەکات

هەواڵ / ئابوری :: 01/05/2018‌ :: 485‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
نوێنه‌ری تایبه‌تى ئابووری سه‌رۆك كۆماری ئێران گەیشتە هەولێر و و پارێزگارى هه‌ولێریش بۆ دواڕۆژ ئامانجى هاتنى وه‌فده‌كه‌ ئاشكراده‌كات.


ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1ى ئایاری 2018 نوێنه‌ری تایبه‌تى ئابووری سه‌رۆك كۆماری ئێران گەیشتە هەولێر و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك نه‌وزاد هادى، پارێزگاری هه‌ولێر و باڵیۆز و کونسوڵی ئێران پێشوازی لێکرا.

لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، و ئامانجەکانی، حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ، نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆماری ئێران بۆ (توسیعه‌ى صادراتى ئێران و عێراق) رایگەیاند، هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان مانای جه‌ختکردنەوەیە لە‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییە ئابوورییەکانی نێوان كۆماری ئیسلامى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و، گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی.

وتیشی "ئێمە لە پێگه‌ى گرنگى سیاسی و ئابووری هه‌رێمى كوردستان تیدەگەین و دەزانین كه‌ هه‌رێم و هە‌ولێر ناوچه‌یه‌كى گرنگن بۆ تاران بۆ تەواوی ناوچەکەش".

لەبارەی کۆبوونەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا و هۆکاری هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند "وەک هەموو کات پێگه‌ى كۆماری ئیسلامى ئێران بە گرنگ دەزانین،  به‌ درێژایی مێژووش ئێران كاریگه‌ری گه‌وره‌ى هەبووە لەسەر ئابووری هه‌رێمى كوردستان".

رونیشکردەوە، شاندەکە لەگەڵ ژووری بازرگانى و پیشه‌سازى و ئابووری هەرێم کۆدەبێتەوە و  گفتوگۆدەکه‌ن لەسەر بره‌ودان به‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆنه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى نێوان كۆماری ئیسلامى ئێران و هه‌ولێر ، كه‌ هه‌ردوولا وه‌ك پێگه‌یه‌كى گرنگ و ستراتیژى سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ن.

نەوزاد هادی راشیگەیاند، لەگەڵ هەریەک لە حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆماری ئێران بۆ (توسیعه‌ى صادراتى ئێران و عێراق) و ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزى كۆماری ئیسلامى ئێران له‌ عێراق و شاندى یاوه‌ریان کۆبوونەوەی گرنگ و باش ئەنجامدەرێت.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ کە لە سەرچاوه‌ى ناو کۆبوونەوەکە دەستی کەوتووە، شاندی ئێران دەیەوێت گفتوگۆ بکات لەسەر دوو پرسی سەرەکی ئەوانیش پرسی کردنەوەی خاڵە مەرزییە نافەرمییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها لایەنی ئەمن و ئاسایشى سنورەکانی هەردوولا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure