بڕیارێكی گرنگ لەبارەی كەسوكاری شەهیدانەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 30/04/2018‌ :: 885‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، ڕەزامەندی دابەشكردنی دوو هەزار پارچە زەوییان وەرگرتووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانییەكان دەست بەدابەشكردنیان دەكرێت.

 
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "نیگەرانی بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەی خورماڵ لەبارەی پێنەدانی زەوی جێگەی خۆیەتی، بەڵام ئێمە زیاتر كارمان لەسەر ئەوەیە كە دۆسییەكانیان بە نێودەوڵەتی بكەین و پاشان بەگوێرەی یاسا حكومەتی عێراق ناچار بە قەرەبوو كردنەوە بكەین".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە ڕەزامەندی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت توانیمان ڕەزامەندی دابەشكردنی دوو هەزار پارچە زەوی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی شار و شارۆچكەكان دەستدەكەین بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری ئەو شەهیدانەی تائێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
 
وتەبێژەكەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان ئەوەشی ڕوونكردەوە، دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیداندا هیچ پەیوەندییەكی بە بانگەشەكانی هەڵبژادنەوە نییە، بەڵكو كەسوكاری شەهیدان مافێكی سروشتی خۆیانە كە سودمەند ببن لە وەرگرتنی زەوی بە گوێرەی شوێنی نشتیەجێبوونیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure