سه‌ره‌ڕاى دابه‌زینى نرخه‌كه‌ى نه‌وت له‌ به‌رزترین ئاستى سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 30/04/2018‌ :: 592‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
نرخه‌كانى نه‌وت ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، ئه‌وه‌ش به‌هۆى زیادبوونى ژماره‌ى سه‌كۆكانى هه‌ڵكه‌ندنى بیرى نه‌وت له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، به‌ڵام نرخه‌كانى له‌ به‌رزترین ئاستى سێ ساڵى رابردوودا مایه‌وه‌.


هاوكات به‌هۆى ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران و سه‌پاندنى سزاى ئابوورى به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا، ئه‌گه‌ر زۆره‌ نرخه‌كانى نه‌وت به‌زربێته‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ كاتژمێر 4:00 ئێواره‌ به‌كاتى هه‌ولێر نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 1.02% دابه‌زى به‌رمیلێك به‌ 73 دۆلار و 76 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى ئه‌مریكاش به‌رێژه‌ى 1.17% دابه‌زى به‌رمیلێك به‌ 67 دۆلار و 30 سه‌نت فرۆشرا.

كۆمپانیاى بیكر هیوز بۆ خزمه‌تگوزاریى ووزه‌ى سه‌ر به‌ جینراڵ ئه‌لیتكتریكیش رایگه‌یاند كۆتایى هه‌فته‌ى رابردوو 27ى نیسان پێنج سه‌كۆى لێدانى بیرى نه‌وت زیادیكرد و ژماره‌یان به‌گشتى به‌رزبوه‌وه‌ بۆ 825 سه‌كۆ، ئه‌وه‌ش به‌رزترین ئاستى ژماره‌ى سه‌كۆكانى بیرى نه‌وت له‌ ئازارى 2015 به‌دواوه‌.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ ئاستى به‌رهه‌مى نه‌وتى خاوى ئه‌مریكاش له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2016 به‌دواوه‌ به‌رێژه‌ى 25% به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و رۆژانه‌ گه‌یشتۆته‌ 10.59 ملیۆن به‌رمیل و، ئه‌مریكا بووه‌ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت له‌ جیهاندا له‌ دواى روسیا، كه‌ رۆژانه‌ 11 ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure