كۆمسیۆن: سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی ده‌نگدان تاقیكراونه‌ته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 30/04/2018‌ :: 280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان تاقیكراونه‌ته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوو بون.


كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ى نیسانى 2018 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری ئاینده‌ تاقیكراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی (60) هه‌زار ده‌بێت.

ده‌شڵێت، هه‌موو ئامێره‌كان له‌لایه‌نی لۆجستییه‌وه‌ له‌ هه‌موو عێراقدا تاقیكراونه‌ته‌وه‌، به‌سه‌ر نووسینگه‌كانی پارێزگاكاندا دابه‌شكراون‌ بۆئه‌وه‌ی رۆژی ده‌نگدان كاریان پێبكرێت.

كۆمسیۆن ئاشكراشیكرد، به ئاماده‌بوونی شاره‌زایان و چاودێرانی تیمێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئامێری لێكۆڵینه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدانیش له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان تاقیكراونه‌ته‌وه‌ و، به‌شێوه‌یه‌كی جوان و ئاسان كارده‌كه‌ن.

روونیشكردۆته‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌، بۆ دڵنیابوون پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی دواتر به‌راوردبكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌لیكترۆنیییه‌كه‌دا، دوای به‌راوردكردن هه‌ردوو پڕۆسه‌كه‌ 100% وه‌كو یه‌كبوون، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر لێهاتوویی ئامێره‌كان له‌ هه‌موو روویه‌كی هونه‌ری و لۆجستی و ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌، هاوكات ئه‌نجامه‌كه‌ش له‌ڕێگه‌ی گوازه‌ره‌وه‌ی (V SAT) گه‌یشتۆته‌ مانگی ده‌ستكرد و له‌ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێردا ئه‌نجامه‌كان ده‌رچوون ‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌ به‌راوردی ئه‌نجامه‌كاندا.

ده‌شڵێت، كۆمسیۆن پلانی داناوه‌ بۆئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان، پرۆسه‌یه‌كی تری تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجامبدات بۆ نزیكه‌ی (50) هه‌زار وێستگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure