كوه‌یت؛ ساڵانه‌ 3.5 ملیار دۆلار بۆ خزمه‌تكارانى ماڵان خه‌رجده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 30/04/2018‌ :: 169‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
حكومه‌تى كوه‌یت ئاشكرایكرد، ساڵانه‌ هاووڵاتیانى كوه‌یت نزیكه‌ى 3.5 ملیار دۆلار خه‌رجده‌كه‌ن، بۆ دابینكردنى كرێكار كه‌ وه‌ك خزمه‌تكار له‌ ماڵه‌كانیان كار بكه‌ن و ژماره‌ى ئه‌و كرێكارانه‌ش كه‌ له‌ كه‌رتى خزمه‌تگوزارى كارده‌كه‌ن گه‌یشتوه‌ته‌ 677 هه‌زار كه‌س.


دامه‌زراوه‌ى ئامارى ناوه‌ندى كوه‌یت له‌ نوێترین ئاماردا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، مانگانه‌ 280 ملیۆن دۆلار بۆ كرێكارى ماڵان خه‌رجده‌كرێت، تێكراى مووچه‌ى مانگانه‌ى هه‌ر كرێكارێكیش نزكه‌ى 412 دۆلارە كه‌ 330 دۆلارى مووچه‌ى مانگانه‌ و ئه‌وه‌ى دیكه‌ى پاره‌ى جلوبه‌رگ و كارتى مۆبایل و بلیتى فڕۆكه‌ و هه‌ندێك خه‌رجى دیكه‌یه‌.

ئاماره‌كه‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌ زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ وه‌ك كرێكارى ماڵان كارده‌كه‌ن له‌ وڵاتانى ئاسیا دێن و تێچووى هه‌ركه‌سێكیش كه‌ له‌ وڵاتانى فلیپین و نیپاڵه‌وه‌ بهێنرێت 4300 دۆلارى تێده‌چێت، پێشبینیش ده‌كرێت به‌هۆى هاتنى مانگى ره‌مه‌زان خواست له‌سەر هاورده‌ى كرێكارى ماڵان زیادبكات.

دامه‌زراوه‌ى ئامارى ناوه‌ندى كوه‌یت  ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌، 291 هه‌زار كرێكارى هیندى و 163 هه‌زار فلیپینى و 81 هه‌زار به‌نگلادیشى و 67 هه‌زار سریلانكى و 24 هه‌زار نیپاڵى له‌ كوه‌یت كارده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌دا دابه‌شبووە.

هه‌فته‌ى رابردووش به‌هۆى  خراپ مامه‌ڵه‌ى كوه‌یتییه‌كان له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كان گرژى له‌نێوان كوه‌یت و فلیپین دروستبوو، كوه‌یت پاڵیۆزى خۆى له‌ ماندێلا كشانده‌وه‌ و ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌ش مۆڵه‌تى به‌ باڵیۆزى فلیپیندا كه‌ كوه‌یت جێبهێڵێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure