وته‌بێژى پارتى له‌سلێمانى: هەوڵی دروستكردنی كۆدەنگی دەدەین بۆ بەغدا

هەواڵ / کوردستان :: 30/04/2018‌ :: 250‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
وته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێى راپرسییه‌كان، كورد ده‌بێته‌ هێزى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ئاشكراى ده‌كات، حزبه‌كه‌ى له‌دروستكردنى كۆده‌نگى لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌ بۆ دواى هه‌ڵبژاردن.


عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌وان له‌سه‌ره‌تاى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان كۆده‌نگییه‌ك دروستبكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌كرا.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ئێستا به‌پێى ئه‌و راپرسییانه‌ى كه‌ له‌مه‌یداندا كراون و ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش كردوویانه‌، كورد ده‌بێته‌ هێزى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌رتبوونێكى ته‌واو له‌ هێزه‌ شیعه‌كاندا هه‌یه‌، له‌هێزه‌ سوونه‌كانیشدا 10%ى خه‌ڵك كارتى بایۆمه‌ترییان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌پێى هه‌موو پێدراوه‌كان كورد له‌داهاتوودا هێزى یه‌كه‌مى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراقه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ى پارتى وتی "ئێمه‌ ئێستا له‌هه‌وڵى دروستكردنى كۆده‌نگی نیشتمانیداین له‌سه‌ر ئه‌و دیزاینه‌ سیاسییه‌ى كه‌ له‌داهاتوودا ئیراده‌ و ده‌نگى هاووڵاتیان ده‌بێت، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن و پشكى فراكسیۆنه‌كان هه‌رچۆنێك بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌كۆده‌نگییه‌كى كوردیدا كۆببینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌به‌غدا گوتارێكى نیشتمانى یه‌كگرتوومان هه‌بێت كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتى زیاترمان لێیه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت".

له‌خولى ئه‌مجاره‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌كۆى 329 كورسى، كورد 65 كورسی هه‌یه‌، به‌هۆى له‌ده‌ستدانى كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، پێشبینى دابه‌زینى كورسییه‌كانى كورد ده‌كرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure