توێژێک لە هەشت لایەنی سیاسی بڕیاریاندا مووچه‌ وەرنەگرن

هەواڵ / کوردستان :: 28/04/2018‌ :: 12593‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
هه‌شت لایه‌نی سیاسی له‌سه‌ر كه‌منه‌كردنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی پاسه‌وانی باره‌گاكانیان هاتنه‌ده‌نگ و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ مووچه‌ی مانگی كانونی دووه‌می 2018 به‌و رێژه‌كه‌مه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاری له‌سه‌رداوه‌ مووچه‌ی پاسه‌نه‌كانیان وه‌ربگرن. 


مه‌ریوان حوسێن، به‌رپرسی پاسه‌وانانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، هه‌شت لایه‌نی سیاسی به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریانداوه‌ تا پاشه‌كه‌وته‌كانیان هاوتایی هێزه‌كانی تری ناوخۆ نه‌كرێت مووچه‌ی پاسه‌وانه‌كانیان وه‌رناگرن. 

وتیشی، لایه‌نه‌كان پێكهاتوون له‌ یه‌كێتی، گۆڕان، بزوتنه‌وه‌، شیوعی، سۆسیالسیت، كۆمه‌ڵ، زه‌حه‌مه‌تكیشان و یه‌كگرتوو، داواشمان لە پارتی کردووە نوێنەری خۆی بنێرێت و لەگەڵمان یەکدەنگ بن بۆ رەتکردنەوەی ئەو زوڵمەی لە پۆلیسی پاسەوانی دەکرێت". 

به‌رپرسی پاسه‌وانه‌كانی بزوتنه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ یه‌ك ده‌نگن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگی كانونی دووه‌م به‌و جۆره‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی ناوبڕیاریداوه‌ ته‌نها 99 هه‌زار دینار بۆ مووچه‌كانیان زیادبكرێت، ئه‌وه‌ش پێشێلكاری بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ كه‌ وتی پاشه‌كه‌وتی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران كه‌م ده‌كرێته‌وه‌. 

ناوبراو ئاشكراشیكرد، به‌ پێی به‌ڵێنی پێشووی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاروایه‌ به‌یانی وه‌ڵامی كۆتایی له‌ باره‌ی رێژه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانه‌ی بده‌نه‌وه‌، گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ش به‌ دڵی یه‌كه‌ی پاسه‌وانییه‌كان نه‌بێت ئه‌وكاته‌ داوا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت كۆببنه‌وه‌. 

لای خۆشییه‌وه‌ بورهان ئه‌حمه‌د، فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانانی حزبی شیوعی له‌ گه‌رمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 29ی نیسانی2018، له‌ شاری سلێمانی جگه‌ له‌ پارتی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌و هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رده‌بڕن. 

پێشتریش سامی جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاندبوو، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گه‌ر لیستی مووچه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی تایبه‌ت ئاماده‌ بكرێت  مووچه‌ی سه‌رجه‌م پاسه‌وانانی تایبه‌ت دابه‌ش ده‌كرێت.  

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وشكردبوو، گه‌ر داهاتی پێویست هه‌بێت له‌ مووچه‌ی مانگی شوبات، پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی هاوتای هێزه‌كانی تر ده‌كرێت.  
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure