چه‌ند لایه‌نێك له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ى "هێمن" رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 28/04/2018‌ :: 471‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
ژماره‌یه‌ك لایه‌نى سیاسى له‌ شارى سلێمانى له‌ گفتوگۆیه‌كى كراوه‌دا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ى هێمن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق رێككه‌وتن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ شارى سلێمانى، بزافى ئاشتى ناوخۆى سلێمانى ناسراو به‌ (بان) له‌ژێر دروشمى (بانگه‌شه‌ى هێمن و دیموكراسییانه‌ له‌ پێناو پرسێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییدا) گفتوگۆى كراوه‌یان بۆ ژماره‌یه‌ك لایه‌نى سیاسى ئه‌نجامدا كه‌ ته‌نها نوێنه‌رى (گۆڕان، نه‌وه‌ى نوێ، حزبى شیوعى و زه‌حمه‌تكێشان) ئاماده‌نه‌بوون.

د.نه‌زاكه‌ت حسێن، جێگرى سه‌رۆكى لقى سلێمانى بزافى ئاشتى ناوخۆ (بان) له‌لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگه‌یاند، رێكخراوه‌كه‌یان وه‌كو رێكخراوێكى فیكری ده‌یه‌وێت بیرۆكه‌ى ئاشتى بچه‌سپێنێت و له‌هه‌ر دۆخێكدا كه‌ ره‌نگه‌ شتێك بخولقێت و ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن لایه‌نه‌كان نزیك بكه‌نه‌وه‌.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ به‌شداربوون سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى بانگه‌شه‌ى هێمن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خاڵ رێككه‌وتن له‌وانه‌ (زمانى راگه‌یاندن له‌ توندوتیژى دوور بكه‌وێته‌وه‌، به‌كارنه‌هێنانى شه‌قامه‌ گشتییه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قۆرخكاریى، نه‌دڕاندنى پۆسته‌ر و لافیته‌)".

د.نه‌زاكه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و گفتوگۆیه‌یان ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌  پێشبینى ده‌كه‌ن له‌ئێستاوه‌ تا رۆژى هه‌ڵبژاردن، بانگه‌شه‌ توندبوونه‌وه‌ به‌خۆوه‌ ببینیت.

رۆژى 14ى نیسان بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستى پێكردووه‌ و رۆژى 10ى ئایار كۆتایى دێت، رۆژى 12ى ئایاریش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure