به‌هۆی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هاووڵاتیان و موچه‌خۆران بێبه‌شده‌بن له‌ پێشینه‌كان

هەواڵ / ئابوری :: 29/04/2018‌ :: 1898‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی هانا چۆمانی
ساڵانە حکومەتی عێراق بۆ گرنگیدان بە ژێرخانی ئابوری، قەرز و پێشینە دەداتە فەرمانبەران و هاووڵاتیان، بەڵام ئەمساڵی ٢٠١٨ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قەرز و پێشینەکان بێبەشدەبن، بەهۆی جێبەجێنەکردنی هەندێ مەرج لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.


هەفتەی رابردوو، بانكی ڕافیدەین لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، کە بەهۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە سەرەتایی مانگی ئایارەوە هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی سەر بەحکومەتی عێراق دەتوانن سودمەندبن لە وەرگرتنی قەرز و پێشینەکان، لەرێگای لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین.

به‌پێى بەیاننامەکە پێشینەکانی خانووبەرەو هاوسەرگیری و کرێکاران و وەرگرتنی مووچە بەسەریەوکەوەو هەروەها وەرگرتنی بڕی 20 ملیۆن دینار تا 40 ملیۆن دینار وەک پێشینەو قەرز و دانەوەش بۆ ماوەی درێژخایەن دەبێت.

نەبوونی لقەکانی هەردوو بانکی رەشید و رافیدین لەهەرێمی کوردستان هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی کوردستان، لەو قەرز و پێشینانە بێبەشکردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت "تا حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی نەدات بە حکومەتی بەغدا کە سەرجەم  قەرزەكەیان بۆ دەگەرێتەوە، ئەوا لقی بانکەکان ناکرێنەوە و پارەکە نادرێتە فەرمانبەرانی هەرێم".

ئەمین بەکر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دواڕۆژ، وتی "پێشتر بانكی ڕەشید و ڕافدەین لەهەرێم لقیان لەهەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆکاری تر، هەردوو لقی بانكە لە هەرێم راگیران".

ئابوریناسێکیش دەڵێت "سودمەندنەبوونی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، چەندین زیانی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، هەم لەرووی سیاسی و تێروانینی هاووڵاتیان بۆ حکومەتی هەرێم و هەمیش لەروی ئابوری و بازاڕەوە".

دکتۆر عیسا ئازاد، دکتۆرا لە ئابوری بۆ دواڕۆژ وتی " کاتێک دوو فەرمانبەری یەک وڵات، یەکێکیان سودمەند دەبێت و ئەوەی تریان نا، ئەوا کەموکورتی ئابوری و خەرجی و بازار دروستدەبێت و جگە لەوەی ئەوەی سودمەند نەبووە دەکەوێتە ژێر کاریگەری لایەنەکەی تر، هەروەها نەهاتنی پارە بۆ بازار بێکاری زیاد دەکات".

وتیشێ "ئەگەر لقی ئەو دوو بانکە لەهەرێم هەبوایە و هاووڵاتیان سودمەندبوونایە لە پێشینەکان، ئەوا جوڵەی بازاڕ زیاتر دەبوو، کەمتر کاریگەری دەبوو لەسەر قەیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە لەوەی نایەوێت لقەکان بکرێنەوە". 

ئەندامێکی لێژنەی دارایی، لە پەرلەمانی عێراقیش هێما بۆ ئەوەدەکات، ئەو دوو بانکە لقیان لەهەرێم نییە، زۆر هەوڵدراوە بکرێتەوە، ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی تر لە بەغدا داوامان کردوە، بەڵام بەغدا مەرجی خۆی هەیە، بۆیە ئەو دوو بانكە هیچ بڕیارێكیان بۆ كردنەوەی لق لەهەرێمی كوردستان نەداوە، بەمزوانەش بڕیار نادەن، چونکە ئەوە پێویستی بە رێککەوتن و گفتوگۆیە".

ئەحمەدی حاجی رەشید وتیشی "بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئەگەر هەروا بەردەوام بێت، ئەوا هاووڵاتیانی کوردستان سودمەند نابن، کەی هەردوو بانكی ڕافیدەین و ڕەشید لقیان لە کوردستان کرایەوە، ئەوکات فەرمانبەر و هاووڵاتی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن سودمەندبن لە سەرجەم  پێشینە و قەرزەكانی ئه‌و دوو بانكه‌".

تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ هەڵوێستێکی فەرمی نەبووە لەبارەی کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە لەهەرێمی کوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure