تره‌مپ و مێركڵ: رێگه‌ناده‌ین ئێران ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى

هەواڵ / جیهان :: 27/04/2018‌ :: 368‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ:
سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیان كۆكبووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى نابێت ئێران ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى و ئێمه‌ش ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵى خۆمان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ به‌ كارێكى وانه‌ده‌ین.


ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى نیسان، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكارى ئه‌ڵمانیان له‌ واشنتن كۆبووه‌ و له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ڕووى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان و ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ تاوتوێیان كردون.

له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆماندا باسمان له‌ پرسى پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران و په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیان كرد".

وتیشى "نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌بدرێت ئێران ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ كۆبوونه‌وكه‌دا باسمان له‌ پرسى تیرۆركرد له‌ جیهاندا، كۆكبووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى شه‌ڕى دژى داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانى تر درێژه‌ پێبده‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ پێشتر كردومانه‌.

سه‌رۆكى ئه‌مریكا باسى گواستنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ قودس كرد و رونیكرده‌وه‌، سه‌رجه‌م سه‌رۆكه‌كانى پێش من ئه‌و به‌ڵێنه‌یان داوه‌ و جێبه‌جێیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام من ئه‌و به‌ڵێنه‌م جێبه‌جێكرد و به‌رده‌وامیش ده‌بم له‌سه‌رى.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكارى ئه‌ڵمانیان رایگه‌یاند "نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌بدرێت ئێران ببێته‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمى و پێویستیشه‌ هه‌ژموونى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا كه‌مبكرێته‌وه‌، چونكه‌ زیادبوونى هه‌ژموونى ئێران ئاژاوه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا دروستده‌كات".

وتیشى "له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌رده‌وامده‌بین له‌سه‌ر گفتوگۆكانمان له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌، چونكه‌ بابه‌تى ئێران بابه‌تێكى گرنگە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تاوتوێى به‌هێزتركردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵاتمانكرد.

ئه‌نگێلا مێركڵ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئێمه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكى ناتۆ ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵى خۆمان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بڕیاره‌ راسته‌كه‌ بده‌ین له‌باره‌ى ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا له‌ سوریا ده‌گوزه‌رێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure