ئه‌مریكا: گفتوگۆكردنمان له‌گه‌ڵ روسیا له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌وان وه‌ستاوه‌

هەواڵ / جیهان :: 27/04/2018‌ :: 262‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ:
 وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رایگه‌یاند، له‌ سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌مدا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تاوتوێى پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران ده‌كه‌م و وتیشى "گفتوگۆكردنمان له‌گه‌ڵ روسیا له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌وان وه‌ستاوه‌".

ئه‌مشه‌و هه‌ینى 17ى نیسان، مارك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆنگره‌ى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ناتۆ له‌ برۆكسل كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئه‌نجامدا و رایگه‌یاند  "داوا له‌ روسیا ده‌كه‌ين رێز له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بگرێت و پابه‌ندبێت پێیانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ندنه‌بێت كێشه‌ى زۆر له‌ جیهاندا دروستده‌كات".

پۆمپیۆ ئاشكراشیكرد، ئێمه‌ وه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ روسیا گفتوگۆ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و كراداره‌كانى ئه‌وان وه‌ستاوه‌.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا باسى پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كى ئێرانى كرد و وتیشى "تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ بڕیار له‌سه‌ر پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران بده‌ین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕووانكراوه‌كه‌ماندا بۆ وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست باسكردن له‌ بابه‌تى پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران له‌ ئه‌جێنداماندا ده‌بێت".

مارك پۆمپیۆ باسى له‌ په‌یوه‌ندیییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كۆریاى باكور-یش كرد و ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵانه‌ى له‌ رابردودا له‌گه‌ڵ كۆریاى باكور ئه‌نجاممانداوه‌ دوباره‌یان نه‌كه‌ینه‌وه‌. بڕیاریشمانداوه‌ به‌ته‌واوه‌تى كۆریاى باكور له‌ چه‌كى ئه‌تۆمى دابماڵین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure